ناتانیاهو هۆشداری لە دواخرانی ئاگربەست دەدات و حەماسیش پابەندبوونی دووپات دەکات
بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری داوە لە ئەگەری دواخرانی ئاگربەستی شەڕ لە غەززە و ڕایگەیاندووە، ئەگەر حەماس لیستی ناوی ئەو بارمتانەی ئازادیان دەکات، پێشکەش نەکات، ئەوا جێبەجێ کردنی ئاگربەست دوا دەکەوێت.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، "سەرۆک وەزیران فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل داوە، ئاگربەست کاتژمێر 8:30ی خولەکی بەیانی بە کاتی غەززە جێبەجێ ناکرێت و دوا دەخرێت، چونکە تاوەکوو ئێستا حەماس لیستی بارمتە ئازادکراوەکان بە دەستەوە نەداوە".
لەلایەن خۆیەوە حەماس پابەندبوونی خۆی بە مەرجەکانی ئاگربەست دووپاتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، "دواکەوتن لە پێدانی ناوی ئەو کەسانەی کە لە قۆناغی یەکەمدا، ئازاد دەکرێن هۆکاری تەکنیکییە."
هەروەها دانیاڵ هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حەماس تاوەکوو ئێستا ڕێککەوتننامەکەی جێبەجێ نەکردووە و هەر پێشێلکردنێکی ڕێککەوتنەکە ڕووبەرڕووی بەرپەرچدانەوە دەبێت.
گوتیشی: سوپای ئیسرائیل لە بۆردومانکردنی چەکدارانی حەماس بەردەوام دەبێت ئەگەر هاتوو پابەندی ئاگربەست نەبن.
بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان ئیسرائیل و حەماس کراوە کاتژمێر 9:30 بە کاتی هەولێر، ئاگربەستی شەڕ جێبەجێ دەکرێت و شەش هەفتە، واتە 42 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
لە قۆناغی یەکەمدا ئاڵوگۆڕی بەشێک لە زیندانیانی فەڵەستین و بارمتە ڕفێندراوەکان ئاڵوگۆڕ بکرێن.