شاندی دەم پارتی داوایەک بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجەلان پێشکەش دەکەن

لۆگۆی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)
لۆگۆی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)

بۆ دووبارە چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، شاندی دەم پارتی داوایەک پێشکەشی وەزارەتی دادی تورکیا دەکات. 

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لـــە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سبەینێ دووشەممە، 20-01-2025، شاندێکیان سەردانی وەزارەتی دادی تورکیا دەکات بە مەبەستی پێشکەشکردنی داوایەک بۆ دووبارە چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لــە زیندانی ئیمرالی. 

شــاندەکەی دەم پارتی لە ئەحمەد تورک، سرری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان پێک هاتووە. پێشتر، ڕۆژی شەممە،  28ی کانوونی یەکەمی 2024، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالی کۆبوونەوە؛ بــە مەبەستی تاوتوێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان.

دوای دیدارەکە، شاندەکەی دەم پارتی بۆ خستنەڕووی ئەنجامی کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئۆجەلان؛ بە جیا لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا کۆ بوونەوە. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانیش، لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختیان کردەوە، هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان ئەرێنی بووە. 

ئۆجەلان لە دیدارەکەیدا لەگەڵ شاندی دەم پارتی ڕایگەیاندبوو "من لێهاتوویی و ئیرادەم هەیە بۆ بەشداریی ئەرێنی پێویست لە بانگەوازەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ گفتوگۆ، چونکە سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە."