دانیشتنی پەرلەمانی عێراق هەڵگیرا

بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران و ناڕەزایەتی زۆرینەی پەرلەمانتارانی شیعە لەسەر هەمواری یاسای بودجە، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی هەڵگرت.

یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی ناڕەزایەتی زۆرینەی پەرلەمانتارە شیعییەکان، لەسەر هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، دانیشتنی پەرلەمانی هەڵگرت.

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، گوتی: بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمان تایبەت بەوەی هەر پەرلەمانتارێک ڕێژەی یاسایی دانیشتنەکان بشکێنێت ئەوا یەک ملیۆن دینار سزا دەدرێت، کاردانەوەی لێکەوتەوە و بووە هۆی دروستبوونی گرژی لەنێو هۆڵەکە.

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، گوتیشی: چاوەڕوان دەکرێت هەر لەم هەفتەیە پرسی هەمواری یاسای بودجە بخرێتەوە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان.