گرووپێکی چەکدار لە عێراق ڕەتی دەکاتەوە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە

دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان پرسێکی ناوخۆییە، گەورەترین گرووپی چەکدار ڕەتی کردەوە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

هیشام عەلەوی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەت، پرسێکی ناوخۆییە.

عەلەوی گوتیشی: "عێراق پابەندە بە چارەکردنی کێشەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، سەقامگیری ناوچەکە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە گەورەکان گرنگە، وەک پرۆژەی گەشەپێدان."

سەبارەت بە پرسی گرووپە چەکدارەکان ئاماژەی بەوەدا، "دەبێت جیاوازی لە نێوان هێزەکانی حەشدی شەعبی و هەندێک گرووپی چەکداری دیکەدا بکرێت کە سەر بەو هێزانە نین، چونکە حەشدی شەعبی پەیوەستە بە سیستەمی ئەمنی و سەربازی و ملکەچی فەرماندەی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانە."

، عه‌لی ئه‌سه‌دی، به‌رپرسی مه‌كته‌بی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی نوجه‌با لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: "بەرەی مقاوەمەی عێراق، ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە"، ئەمەش بەو مانایەیە کە هەموو ئەو گفتوگۆ و لێدوانانەی سەبارەت بە گرووپە چەکدارەکان دەکرێن بە جددی وەرنەگیراون.

جەختیشی کردەوە، بزووتنەوەکەی "هیچ بانگەوازێکی لە حکوومەتەوە پێنەگەیشتووە بۆ چەکدانان، یەکخستنی، یان هەڵوەشاندنەوەی گرووپەکە، ئەو دەنگۆیانەی لەسەر ئەم پرسە هەیە ڕاست نییە".

دوێنێ یەکشەممە، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئێرانی ئاگادار کردۆتەوە، چارەکردنی کێشەی گرووپە چەکدارەکان، بابەتێکی ناوخۆییە کە عێراقییەکان بڕیاری لەسەر دەدەن.