مسته‌فا كازمی به‌ڵێنی داوه‌ كێشه‌ی پاره‌ی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكات

حكومه‌تی عێراق نزیكه‌ی 557 ملیار دیناری جووتیارانی كورد قه‌رزاره‌

 

K24 - بەغدا

كێشەی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستان سێ كابینە و سێ سەرۆك وەزیرانی عێراقی بڕی، كەچی ھێشتا كۆتایی نەھاتووە.

لە رۆژانی رابردوودا لیژنەی ئابووری و وەبەرھێنانی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران كۆبووەتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا لەسەر پێداگریی دوو پەرلەمانتاری كورد، كازمی بەڵێنیداوە چارەسەری كێشەی پارەی گەنمی جووتیاران بكات.

نەھرۆ رواندزی، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ "ئێمە یاداشتنامەکەمان (لەبارەی پارەی گەنمی جووتیارانی کورد) وەکو نووسراوێک پێشکەشی سەرۆکوەزیران کرد، وادیار بوو پێشتر ئاگاداری ئەو بابەتە نەبووە، لەدوای کۆبوونەوەکەش من و دکتۆر کازم چووینەوە لای و گوتم ماندەگرین و لێرە ناچینە دەرەوە تاوەکو ئەو کێشەیە چارەسەر نەبێت، ئەویش گوتی پەیمان بێت: من لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەم و چارەسەری دەکەم و وەڵامتان دەدەمەوە".

بەغدا ماوەی 4 ساڵە بڕێكی كەم پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كورستانی ناردووە و، بڕێكی زۆری راگرتووە، هەروەها ماوەی سێ ساڵە بڕی وەرگرتنی گەنمی ھەرێمی كوردستانی كەمكردووەتەوە، كەچی لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق ھەموو گەنمەكە لە جووتیاران وەردەگرێت.

پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستان بۆ ساڵەكانی 2014 ، 2015 ، 2016 و 2017 لە سەردەمی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق دەستی بەسەرداگیرا و نەنێردرا، دواتر بەشێكی لێ رەوانەكرا و ئێستا نزیكەی 557 ملیار دینار بۆ ساڵەكانی 2014 تاوەکو 2017 لە وەزارەتی بازرگانی ماوە بۆ جووتیارانی ھەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت.