شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ سۆراخی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە دەچێتە بەغدا

شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سۆراخ کردن و بەدواداچوونی چارەنووسی منداڵە ون بووەکانی هەڵەبجە دەچێتە بەغدا و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و باڵیۆزی ئێران کۆدەبێتەوە.

دڵسۆز جەلال، سکرتێری بۆردی تایبەت بە یەکلا کردنەوەی چارەنووسی  منداڵە ونبوەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: سبەی چوارشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2025، بۆردی تایبەتی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە، بە سەرۆکایەتی وەزیری شەهیدان و ئەنفاڵکراوان دەچێتە بەغدا، بۆردەکە لە نوێنەرانی وەزارەتەکانی داد، ناوخۆ، تەندروستی، کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێـمی کوردستان پێکهاتووە.

گوتیشی: مەبەست لە سەردانەکە کۆبونەوەیە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و باڵیۆزی ئێران لە بەغداش بەشدار دەبێت، دەمانەوێت بەدواداچوون لە کەیسی منداڵە ونبووەکان خێراتر بکەین، چونکە تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆری منداڵی ونبوو چارەنووسیان نادیارە.

بە گوێرەی ئامارێکی بۆردی یەکلاکەرەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان، لە کۆی 211 منداڵی ونبووی هەڵەبجە، تەنیا 10 منداڵ بە کەس و کاریان شادبوونەتەوە و چەند منداڵێکی دیکەش پشکنیان بۆ کراوە و لەنێو پڕۆسەکەدان.