ترەمپ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە قۆڵبڕ ناو دەبات و چەند بڕیارێکی چاوەڕوان نەکراوی دەرکرد
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی نوێی ئەمەریکا لەگەڵ دەست بەکاربوونی چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانە ڕاگرتنی سەرجەم هاوکارییە دەرەکییەکانی وڵاتەکەی، لەگەڵ کشانەوە لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ڕێککەوتننامەی پاریس بۆ گۆرانی کەشوهەوا، هاوکات دژایەتیی خۆی بۆ هاوڕەگەزخوازان دووپاتکردەوە و سزاشی بەسەر چەند وڵاتێک سەپاند.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کاتژمێرێک دوای ڕێورسمی سوێندخواردن، لە کۆشکی سپی بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکای لە ڕیکخراوی تەندروستی جیهانی دا، پێشتر چەند جار بەهۆی کۆرۆناوە ڕەخنەی لە ڕێکخراوە گرت بوو.
دۆناڵد ترەمپ گوتی: ''ئەمەریکا پارەی زیاتری داوەتە ئەو ڕێکخراوە بەراورد بە چین، بەو شێوەیەش ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی قۆڵی ئێمەی بڕیووە"
لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی، دۆناڵد ترەمپ نیازی وابوو لەو ڕیکخراوە بکشێتەوە بە بیانوی ئەوەی ڕێکخراوەکە لە سەردەمی کۆرۆنا لە ژێرکاریگەری چین دایە.
سەبارەت بە بڕیاری ڕاگرتنی پڕۆگرامەکانی هاوکارییە دەرەکییەکانی ئەمەریکا، سەرۆکی نوێی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، بڕیارەکەی بۆ 90 ڕۆژە و مەبەستیەتی پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکاندا بکات، بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی هاوکارییەکان تا چەندە لەگەڵ سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەگونجێن، چونکە بەشێکی زۆری هاوکارییەکان لەلایەن کۆنگرێسەوە دەنگیان لەسەرداوە و دەبێت ڕاستەوخۆ خەرج بکرێن.
هەروەها ڕایگەیاندووە، هیچ هاوکارییەکی دەرەکی خەرج ناکات، گەر لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا هاوتا نەبێت.
ترەمپ لەگەڵ پێشکەش کردنی گوتاری دەست بەکاربوونی 80 بڕیاری ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای هەڵوەشاندەوە و ڕایگەیاند، بڕیارەکان هۆکاربوون دروستبوونی گەندەڵی ئیداریی لە دامەزراوەکانی ئەمەریکا.
یەکێکی دیکە لەو بڕیارانەی ترەمپ هەڵیوەشاندەوە، سەپاندنی سزابوو بەسەر ئەو ئیسرائیلیانەی لە کەرتی ڕۆژئاوای فەڵەستین بە پەلاماردانی فەڵەستینییەکان تۆمەتبارکرابوون و سزایان بەسەردا سەپێندرابوو
لەپاڵ کشانەوەی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دا، بۆ دووەم جار لە ڕێککەوتننامەی پارس بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بکشێتەوە.
هەر لە بڕیارە تازەکانیدا، باری لە ناکاوی نیشتیمانی بۆ وزە ڕاگەیاند و ئاماژەیداوە بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنان غاز و نەوت ئاست لە جیهاندا، هەروەها بڕیاری دا ئەو ڕێنمایانە هەڵبوەشێنێتەوە کە لە دژی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەباین.