ئەحمەد شەرع: ترەمپ ئەو سەرکردەیەیه‌ ئاشتی دەگەڕێنێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سەرۆکی دەسەڵاتی کاتی سووریا، پیڕۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی لە سەرۆکایەتیی نوێی ئەمەریکا و دەڵێت: "ترەمپ ئەو سەرکردەیە ئاشتی دەگەڕێنێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی کاتی سووریا لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "بە ناوی سەرکردە و خەڵکی سووریا پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ دەکەم بەبۆنەی دەست بەکاربوونی وەک 47هەمین سەرۆکی ئەمەریکا. هەڵبژاردنی ترەمپ ڕەنگدانەوەی ئەو متمانەییە کە گەلی ئەمەریکا پێیانداوە.

دەشڵێت: ''لە دڵەوە هیوای سەرکەوتن بۆ سەرۆک ترەمپ و خەڵکی ئەمەریکا دەخوازم. "

لە بەشێکی دیکەی ڕایگەیاندراوەکە دەڵێت: "لە 10 ساڵی ڕابڕدوودا بەهۆی ناساقاگیری و ئەو کارەساتەی لە ناوچەکە هەبوو، سووریا زیانمەندبوو، بەڵام ئێمە متمانەمان بە ترەمپ هەیە کە ئەو سەرکردەیە ئاشتی و سەقامگیری دەگەڕێنێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

بە پەرۆشین بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەشتنەوە، باوڕمان وایە، ئەم ئیدارەیە دەرفەت بۆ سووریا و ئەمەریکا دروست دەرەخسێنێت کە پەیوەندیەکی هاوبەشی سوود بەخشی بۆ هەردوولا هەبێت."

دوێنێ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ وەک 47مین سەرۆکی ئەمەریکا سوێندی یاسایی خوارد، دوای دەست بەکاربوونیشی بڕیارە پێداچوونەوە بە پەیوەندی ئەمەریکا و بەشێک لە وڵاتان بکات.