لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان درا

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: دوای 50 ساڵ لە داگیرکاری و 20 ساڵ لە ڕووخانی رژێمی بەعس،  پرۆژە یاسای گەڕانەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان دەنگی لەسەر درا.

سێشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان و خوێندنەوە لەسەر چەند پرۆژە یاسایەک کۆبووەوە، بە پێی کارنامەکە دەبوو بڕگەی یەکەم تایبەت بێت بە هەمواری یاسای بودجە، بەڵام بەهۆی دروستبوونی گرژی لەنێو هۆڵی کۆبوونەوە، هەمواری یاساکە خرایە بڕگەی چوارەم.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دوای 50 ساڵ لەداگیرکاری و 20 ساڵ لە ڕووخانی رژێمی بەعس،  پرۆژە یاسای گەڕانەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان دەنگی لەسەر درا.

گوتیشی: گەڕاندنەوەی زەوی داگیرکراوی جووتیاران لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەنگاوێکی گەورەی پەرلەمانی عێراقە و دەنگی لەسەر پرۆژە یاساکە دا.

جەختی لەوەش کردەوە، سەرخستن و دەنگدان بەم پڕۆژەیاسایە بە شەونخونی و یەکدەنگیی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان بووە و گرنگە ئەو یەکڕیزییە بۆ بەدەستهێنانی سەرجەم مافەکان بەردەوام بێت.

لەبارەی هەمواری یاسای بودجە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، ئاماژەی بەوە دا، دوێنێ ڕێککەوتنێکی سیاسی کرابوو لەبارەی هەموارەکە، بەڵام ئەمڕۆ هەندێک دەستکاری پرۆژەی هەموارەکە کرا، کە ئەمەش جێگەی قبووڵ نییە، بەڵکو ئێمە و زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەوە هاوڕایان کە ئەم پڕۆژەیە چۆن لە لایەن حکوومەتەوە هاتووە با بەو شێوەیە تێپەڕێندرێت.