سێ هەزار خێزان لە پڕۆژەی پەرەپێدانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی سوودمەند دەبن

ئەم ساڵ لە پارێزگای دهۆک یەکەم قۆناغی پڕۆژەی پەرەپێدانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، کە پێدانی هاوکاریی داراییە جێبەجێ دەکرێت و دواتر پرۆسەکە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان فراوان دەکرێت.

سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2025، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: دوو ساڵە، لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە هەوڵداین، بۆ هاوکاری کردنی پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی، کە حکوومەتی هۆڵەندا پاڵپشتی دارایی دەکات.

گوتیشی: لە ناوەڕاستی ئەم ساڵەکە، سەرەتا لە پارێزگای دهۆکەوە دەست بە پێدانی هاوکارییەکە دەکەین و دواتر پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

ئاماژەشیدا، هۆکاری جێبەجێکردنی پرۆژەکە لە قۆناغی یەکەم لە دهۆک، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەرزترین ڕێژەی بێکاری و هەژاری لە ئاستی کوردستان لەم شارەیە، هەروەها زۆرترین ژمارەی ئاوارەکانیش هەر لە دهۆکن.

بریکاری وەزارەتی پلاندانان گوتیشی: بڕی هاوکارییەکە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەبێت، بۆ هەر ساڵێک نزیکەی هەشت ملیۆن دۆلارە و ژمارەی ئەوانەی سوودمەند دەبن، سێ هەزار 200 خێزانن.

باسی لەوەشکرد، ئەو کەسانەی سوودمەند دەبن لە پارێزگای دهۆک %80 هاووڵاتی دهۆک و%20 ئاوارەکانی ئەو پارێزگایە دەبن.

وەزارەتی پلاندانان و کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەیانەوێت لەڕێگەی بانکی جیهانی بە سوود وەرگرتن لە سندوقی بوژاندنەوە و ئاوەدان کردنەوە، کە بانکی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی دەکات، هاوکاری بگەیەننە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.