ئاگر لە شوقەیەکی ئیسکان کەوتەوە

ئاگر لە شوقەیەکی ئسکان کەوتەوە بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە.
پێنجشەممە 23ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاگر لە شوقەیەکی ئیسکان لە هەولێر کەوتەوە، جگەلە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە.
نیان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەولێر پاش ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە، گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەیەک لە نهۆمی 14ـی یەک لە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوونی ئیسکان لە هەولێر لەو کاتەی سێ هاووڵاتی تێدا بووە.
بەپێی زانیارییەکان، سێ هاووڵاتییەکە ڕزگارکراون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانە لەبەر ئەوەی دووچاری تەنگەنەفەسی ببون، ئێستا چارەسەری پێویستییان بۆ دەکرێت، وەک زانراویشە، سێ هاووڵاتییەکە ئێستا باری تەندروستیان جێگیرە، تیمەکانی بەرگریی شارستانیش شوێنی ئاگر کەوتنەوەکەیان جێ نەهێشت تاکوو دڵنیابوونەوە لەوەی جارێکی دیکە ئاگرەکە سەرهەڵناداتەوە کە بەهۆی گڕی زۆرەوە، ئاگرەکە لە پەنجەرەی شوقەکەوە دەهاتە دەرەوە.
پۆلیس هیچ زانیارییەکی لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە ئاشکرا نەکرد.