هەولێر شەشەمین سەركەوتنی لەم وەرزە تۆمار كرد
شێركۆ، ئوسامە و بن سۆدە سەركردایەتی سەركەوتنەكەی هەولێریان كرد

لە گەڕی شازدەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی هەولێر لە نێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری شكستی بە كەربەلا هێنا و دووەمین سەركەوتنی لەسەریەكی تۆمار كرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23 كانوونی دووەم 2025، یانەی هەولێر لە نێو یاریگەی خۆی میوانداریی كەربەلای كرد، لە خولەكی 18 ئەوس محەمەد لەنێو دڵی بەرگری هەولێر تۆپێكی وەرگرت و گۆڵی یەكەمی كەربەلای تۆمار كرد.
پاشان لە خولەكی 35 یوسف بن سۆدە هێرشبەری توونسی یانەی هەولێر خۆی خزاندەوە نێو هێڵی بەرگری كەربەلا و رێگەی بۆ ئوسامە رەشیدی هاوڕێی خۆش كرد بۆ ئەوەی گۆڵی بەرامبەربوونی هەولێر تۆمار بكات.
پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی نیوەی یەكەم لێ بدات، یوسف بن سۆدە بە لێدانێكی بەهێز گۆڵی دووەم و پێشكەوتنی هەولێری تۆمار كرد.
لە كۆتاییەكانی یارییەكەش، یوسف بن سۆدە تۆپێكی ڕەوانەی پێشەوە كرد و شێركۆ تۆپەكەی وەرگرت و هێڵی بەرگری كەربەلای بڕی و گۆڵی سێیەمی هەولێری تۆمار كرد و 3 گۆڵ و 3 خاڵەكەی بۆ یانەی هەولێر مسۆگەر كرد.
یانەی هەولێر شەشەمین سەركەوتنی لەم وەرزە تۆمار كرد و بە كۆكردنەوەی 25 خاڵ بەشێوەیەكی كاتی بۆ خانەی حەوتەم سەركەوت.
