وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا: لە پشتگیریی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا کۆ بووەوە.

دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا بە یاوەری شاندێک سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندای کرد و لەگەڵ گیوسێ کۆرتهالس ئاڵتێس، بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و هەروەها بەرپرسی بەشی عێراق لە وەزارەتی دەرەوە کۆ بووەوە.

لە دیدارەکەدا، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهاتەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە،  سیاسەت و تێڕوانینی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی خستە روو.

ئاماژەشی بەوە کرد حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەدایە. 

هەروەها پرسی سووریا و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان بە مەبەستی گەرەنتیی مافی گەلی کورد لە سووریا و پێکهاتەکانی تری ئەو وڵاتە، لە دیدارەکەدا تاوتوێ کران.

لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا، نوێنەری حکوومەتی هەرێم بە وردی باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و مادەی 140ی دەستوری عێراق کرد.

لای خۆیەوە، گیوسێ کۆرتهالس ئاڵتێس، هەوڵەکانی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانی بۆ دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایش، لێکنزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان بەرز نرخاند. جەختی لەوەش کردەوە کە هۆڵەندا لە پشتگیریی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی داعش و ڕیفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە و هەروها لە بوارەکانی تایبەت بە ئابووری، بەردەوام دەبێت.