ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا دەگاتە بەغدا

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2025،  هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بگاتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆ ببێتەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، فیدان لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، چەند پرسێک لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ دەکات، لەوانەش؛ هەماهەنگیی هەواڵگریی عێراق و تورکیا، بۆ بەهێزکردنی سنوورەکان و ڕێگریی لە جموجوڵی چەکدارانی پەکەکە، ئەمە لەگەڵ دۆسییەی سووریا و هەنگاوەکانی پەیوەست بە ڕێگەی گەشەپێدان. 

هەروەها بەگوێرەی کارنامەی سەردانی فیدان بۆ بەغدا، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دەکات.

لە نیسانی 2024، هاکان فیدان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی بەغدا و پاشان هەولێریان کرد و 27 یاداشتی لێکگەیشتنیان لە بوارە جیاجیاکاندا لەگەڵ بەغدا ئیمزا کرد، کە گرنگترینیان ڕێککەوتنی ئاو بوو.