ئەمڕۆ ئاگربەستی نێوان حزبوڵلای لوبنانی و ئیسرائیل کۆتایی هات

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2025، کاتژمێری چواری بەرەبەیان، ئاگربەستی نێوان حزبوڵلای لوبنان و ئیسرائیل، کۆتایی هات.
بەگوێرەی میدیای لوبنانی، لەگەڵ تەواوبوونی ئاگربەستی 60 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلای لوبنانی، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە شارۆچکەی کەفر کەلای باشووری لوبنان بیستراون، هەروەها درۆنەکانی ئیسرائیل بەسەر ئاسمانی لوبناندا فڕیون.
بەگوێرەی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە، دەبێت لە ئەمڕۆوە ئیسرائیل هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە، بەڵام سوپای ئیسرائیل وەها هەنگاوێک لەم کاتەدا بەدوور دەزانێت.
درەنگانی شەوی دووشەممە، 30-09-2024، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی "سنووردار"ـی وشکانی بۆ سەر باشووری لوبنان دەست پێ کرد بە مەبەستی "لەنێوبردنی ژێرخانی سەربازیی و مووشەکیی حزبوڵلای لوبنانی" و گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی بۆ باکووری وڵاتەکەیان.
لە 27ـی تشرینی دووەمی 2024ـەوە ئاگربەستی نێوان حزبوڵلا و ئیسرائیل بۆ ماوەی 60 ڕۆژ چووە بواری جێبەجێ کردنەوە، بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، دەبێت حزبوڵلا چەک دانێت و سوپای لوبنان تەواوی وڵات کۆنترۆڵ بکات. ئیسرائیلیش هەنگاو بە هەنگاو هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە.