شرۆڤه‌كارێك پیلانڕێژی پشت هه‌وڵه‌كانی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ر عێراق ده‌خاته روو
په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ وڵاتێكی دراوسێ درێژ ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
چاودێرێكی سیاسی پیلانڕێژی پشت هه‌وڵه‌كانی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ر عێراق و بچوك كردنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم ده‌خاته روو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ وڵاتێكی دراوسێ درێژ ده‌كات و جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه ده‌ده‌ن، به تۆمه‌تی تێكدانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، چونكه ئه‌مانه ناپاكن و له هیچ وڵاتێكی ئه‌م سه‌رزه‌مینه ناپاكی وا قبووڵ ناكرێت.
نه‌وره‌س ره‌شید، چاودێری سیاسی له‌باره‌ی هه‌وڵی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار بۆ بچووككردنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ندنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی هه‌رێم و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ سه‌ر ئیداره‌ی فیدراڵ ده‌ڵێت: هه‌رێمی كوردستان درووستكراوی ئه‌و كه‌سانه نییه كه ئه‌م هه‌وڵانه ده‌ده‌ن، به‌ڵكو قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵقوڵاوی خه‌بات و قوربانیدانی سه‌دان ساڵ مێژووی گه‌لی كورده، به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدان و به‌رهه‌می خوێنی نه‌ته‌وه‌یه‌كه، كه سه‌دان ساڵه قوربانی بۆ سه‌ربه‌خۆیی داوه.
نه‌وره‌س ره‌شید له كاتی میوانداری له بڵاوكراوه‌یه‌كی دهنگوباسی كوردستان 24 گوتی: هه‌رێمی كوردستان كه‌س به خێر به ئێمه‌ی نه‌داوه، بۆیه ئه‌وانه‌ی به‌و ئاراسته‌یه بیر ده‌كه‌نه‌وه و ره‌فتار ده‌كه‌ن و به‌و شێوه‌یه لێدوان ده‌ده‌ن، ناتوانین به "جاش"ـیش ناو ببه‌ین، چونكه ئه‌وانه‌ی پێیان ده‌ڵێن "جاش" ده‌زانین ئه‌وانه‌ن كه له سه‌نگه‌ری جه‌نگ رووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه ده‌ده‌ن، له دژی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی ده‌وه‌ستنه‌وه، كه خۆشیان به‌شێكن له‌و قه‌واره‌یه، بۆیه ئه‌مانه هیچ پێناسه‌یه‌ك هه‌ڵناگرن.
هه‌روه‌ها دووپاتیش ده‌كاته‌وه، "ئه‌مه پیلانگێڕییه و له ئێرانه‌وه نه‌خشه‌سازی بۆ كراوه، ده‌یهێننه هه‌رێمی كوردستان لێره جێبه‌جێی ده‌كه‌ن"، ده‌شڵێت: "ئه‌مانه سیخوڕی ناكه‌ن، چونكه سیخوڕی به نهێنی ده‌كرێت، به‌ڵكو ئه‌مانه ناپاكن".
جه‌ختیشی كرده‌وه، "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر لێدوانی ئه‌و كه‌سانه به‌رپرسه، كه ئه‌و كه‌سانه به‌و شێوه ئاشكرایه ئه‌و ره‌فتاره ناپاكانهیان ده‌نوێنن".
گوتیشی: "ئه‌و هه‌وڵانه تازه نین، پێشتریش له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانیش به هه‌مان تاقیكردنه‌وه‌دا چووین، بینیمان كه چۆن ویستییان قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ناو ببه‌ن، هه‌روه‌ها له 16ی ئوكتۆبه‌ری ساڵی 2017 په‌یڕه‌وی هه‌مان پیلان كرا بۆ له‌ناوبردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام تێك‌شكان، ئێستا به‌هۆی دۆخی كۆرۆنا و خراپی قه‌یرانی دارایی عێراق ناتوانن شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك خۆی دابین بكات".
ئه‌و شرۆڤه‌كاره به راشكاوانه گوتیشی: "ئه‌وانه دۆخی ئێستایان به ده‌رفه‌ت زانیوه، به تایبه‌ت ئێران، كه ئه‌و قه‌یرانانه‌ی ئێستا هاتوونه‌ته ئاراوه وه‌ك كارتێكی فشار به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌كار بهێنن".
نه‌وره‌س ره‌شید جه‌خت ده‌كاته‌وه، پێویسته سه‌ره‌تا پرسیار له‌خۆمانه‌وه بكه‌ین: ئه‌مانه كێن؟ و باكگراوندی سیاسی‌یان چییه؟ ئایا ئه‌مانه رۆژێك سیاسیی بوون؟ رۆژێك پێشمه‌رگایه‌تییان كردووه؟ رۆژێك رۆشنبیر بوون؟ .. یانیش ئه‌مانه له‌م لا و له‌ولا دۆخی هه‌رێمیان قۆستووه‌ته‌وه بۆ تێكدانی دۆخه‌كه!!.
جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، پێویسته ئه‌مانه به تۆمه‌تی تێكدانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، چونكه له هیچ وڵاتێكی ئه‌م جیهانه ناپاكی وا قبووڵ ناكرێت.
H.B