دانیمارک 12 دەستپێشخەری دەربارەی گرینلاند دەخاتە ڕوو

دوێنێ دووشەممە، دانیمارک، کۆمەڵێک دەستپێشخەری پێشکەش کرد، تێیدا ئامانجیان بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی و هەڵاواردن دژی خەڵکی گرینلاند بوو لە وڵاتی سکاندیناڤیا، کە دۆناڵد ترەمپ چاوی لە لکاندنی خاکی بەرفراوانی جەمسەری باکوورە بە ئەمەریکاوە.
12 دەستپێشخەری خراوەتەڕوو، مافی وەرگرتنی پاسپۆرتی گرینلاند، ئاسانکاریی بۆ بەردەستبوونی وەرگێڕیی ڕاستەوخۆ و ڕێگریی لە بەکەمگرتنی زمانی گرینلاندی.
کاری دیبڤاد بیک، وەزیری کۆچی دانیمارک لە بەیاننامەیەکدا گوتی: بۆ حکوومەت گرنگە خەڵکی گرینلاند بتوانن بەبێ جیاوازیی لە دانیمارک بژین، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ وا نییە.
ترەمپ، ساڵانێکە باس لە ڕێککەوتنێک بۆ لکاندنی گرینلاند دەکات، هەفتەی ڕابردوو بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو "ئەمەریکا گرینلاند بەدەست دەهێنێت کە بۆ مەبەستی ئاسایشی نێودەوڵەتی، زۆر پێویستی پێیەتی."
دوورگەکە لە پێگەیەکی جوگرافیی ستراتیجی لە نێوان ئەمەریکا و ئەورووپا هەڵکەوتووە و پێشبینی دەکرێت توانەوەی سەهۆڵی جەمسەری باکوور ڕێڕەوی نوێی کەشتیوانی بکاتەوە.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، جونیۆر کوڕی ترەمپ، سەردانێکی تایبەتی بۆ خاکی ئۆتۆنۆمی دانیمارکی کرد و دانیمارکی بە ڕەگەزپەرستی لە دژی خەڵکی گرینلاند تۆمەتبار کرد.
لای خۆیەوە گاردیانی بەریتانی، لە زاری ئاجا کیمنیتز، نوێنەری گرینلاند لە پەرلەمانی دانیمارک، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "ڕووداوەکانی ئەم دواییە بە ڕوونی دەریان خستووە ڕەگەزپەرستی بەرامبەر بە گرینلاندییەکان لە هەندێک بازنەدا هەیە، بە تایبەت لە سۆشیال میدیادا."
ئاماژەی بەوەش کردووە "پلانی کارکردن دژی ڕەگەزپەرستی ئامرازێکی گرنگە بۆ قسەکردن و کەمکردنەوەی ڕەگەزپەرستی، نەک تەنها بۆ ئێمەی گرینلاند، بەڵکو بۆ نەتەوەکانی دیکەش."
حکوومەتی دانیمارک ڕایگەیاند "بڕی 35 ملیۆن کرۆن کە دەکاتە 4.9 ملیۆن دۆلار بۆ جێبەجێکردنی ڕێوشوێنە نوێیەکان تەرخان دەکات."
هەفتەی ڕابردوو حکوومەتی دانیمارک هەڵوەشاندنەوەی تاقیکردنەوەی پەروەردەی منداڵی ڕاگەیاند، کە بە هۆیەوە منداڵان لە دایک و باوکە گرینلەندییەکانیان لە دانیمارک دەسێنران.