ئەوروپا ڕێککەوتنێکی ستراتیژی بە 3 ملیار یۆرۆ لەگەڵ ئوردن ئیمزا دەکات

دوای دوو ڕۆژ لە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە ئوردن کە ئەگەر ئوردن دەرگا بۆ وەرگرتنی خەڵکی غەززە نەکاتەوە، هەموو هاوکارییەک بۆ ئوردن ڕادەگرێت، لە بەرامبەردا یەکێتی ئەوروپا ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ ئوردن ئیمزا کرد.

ئاژانسەکانی هەواڵ لە ئەوروپا بڵاویان کردەوە، ڕێککەوتنە ستراتیژییەکە لەنێوان شا عەبدولڵا، شای ئوردن و ئۆرسۆلا ڤۆندێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئیمزا کرا، یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند: بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژییە، یەکێتی ئەوروپا هاوکاریی 3 ملیار یۆرۆ بۆ سێ ساڵی داهاتوو دەداتە ئوردن.

یەکێتی ئەوروپا ئاشکراشی کردووە، ڕێککەوتنەکە هاوبەشی هەردوولا دەگرێتەوە لە بوارەکانی سیاسی، ئاسایش، بەرگریی و پەرەپێدانی ئابووری، سەرچاوە مرۆییەکان، وەبەرهێنان، پشتیوانی کردنی پەنابەران، هەروەها پشتیوانی کردنی سێکتەرەکانی ئاو، وزە، تەکنەلۆژیا و چەندین بواری دیکەش.

لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێککەوتنەکە پەیوەستە بە پێدانی 650 ملیۆن یۆرۆ لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بە ئوردن کە بریتییە لە دابینکردنی 650 ملیۆن یۆرۆ وەک بەخشین، هەروەها 1.4 ملیار یۆرۆ بۆ وەبەرهێنان، لەگەڵ یەک ملیۆن یۆرۆ بۆ پاڵپشتی کردنی ئابووری ئوردن.