ترەمپ: هیچ کەسێک لە پێکدادانی نێوان فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەکە ڕزگاری نەبووە

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: هیچ سەرنشینێک لە ڕووداوی پێکدادانی فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەکە لە واشنتنی پایتەخت ڕزگاری نەبووە و ئەمە ڕووداوێکی کارەساتبار بووە.
پێنجشەممە 30ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک، ڕایگەیاند: هەفتەی ڕابردوو بەر لە کەوتنەخواەوەی فڕۆکەکە بڕیارێکم واژۆ کرد لەبارەی ئەوەی دەبێت گواستنەوەی ئاسمانی لە بەرزترین ئاستدا بێت، کاتێ من گەڕامەوە بۆ کۆشکی سپی سەلامەتیم کردە لە پێشینەی کارەکانم، لە کاتێکدا ئۆباما و بایدن سیاسەتکردن لە پێشینەی کارەکانیان بوو.
دۆناڵد ترەمپ، باسی لەوە کرد، ئەمەریکا لە ماتەمینیدایە، هیچ سەرنشینێک لە ڕووداوی پێکدادانی فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەکە لە واشنتنی پایتەخت ڕزگاری نەبووە و ئەمە ڕووداوێکی کارەساتبار بووە.
هاوكات مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، سەرەخۆشی لە حکوومەت و گەلی ئەمەریکا کرد.
لە پەیامەکەی سەرۆک وەزیراندا هاتووە، "بەهۆی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی پێکدادانی فڕۆکە و هێلیکۆپتەرێک لە نزیک واشنتن دی سی، پرسە و هاوخەمی خۆم ئاڕاستەی گەل و حکوومەتی ئەمەریکا دەکەم".