رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەولێر توند دەکرێن
دۆخی تهندروستی 12 تووشبووی كۆرۆنا ناجێگیره
K24- ههولێر:
ھاتووچۆ لە پارێزگای ھەولێر قەدەغە ناکرێت، تەنیا لە کاتژمێر 8:00 ئێوارەوە بۆ کاتژمێر 5:00 بەیانی سەرجەم ئەو شوێنانەی بۆ ئاسانکاری ھاووڵاتیان کراونەتەوە، دادەخرێن ئەمە جگە لە داخستنی بەشێکی زۆر لەو شوێنانەی کە قەرەباڵغی دروست دەکەن، وەك پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل، مزگەوت، کەنیسە، ھۆڵیی پرسەکان و شوێنە گەشتیارییەکان، ئەو شوێنانەش کە به رۆژ دەکرێنەوە، دەبێت پابەندی رێکار و رێنمایی تەندروستی بن.
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری ھهولێریش دەڵێت: چێشتخانە و شوێنەکانی خواردەمەنی تەنھا دەتوانن بە دیلیڤەری کاربکەن و جهختیش دهكاتهوه، سزای ھەرکەس و لایەنێك دەدرێت، كه سەرپێچی رێنماییەکان بکات.
لهكاتێكیشدا ڕۆژانە ئامارەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەڵکشاندایە و بەڕێوبەرایەتی تەندروستی ھەولێر پلانی دیكهی بۆ چارەسە کردنی تووشبووان ئامادەکردووە، دكتۆر دلۆڤان محهمهد، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستی ھەولێر دەڵێت: لە سنووری پارێزگای ھەولێر زیاتر لە ھەزار و ٧٤ نەخۆشیان ھەیە و ١٢ تووشبووش باری تەندروستیان ناجێگیرە.
رێکار و رێنماییەکانی ژوری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای ھەولێر رێگری كردنه لە زیاتر ھەڵکشانی ئامارەکان، بۆیە قەدەغەی تەواوی هاتووچۆ لە نێوان پارێزگاکانی ھەرێم و ھەروەھا پارێزگاکانی عێراقیش تا ٣ ی ٧ بەردەوام دەبێت و تەنھا ھاتووچۆ بۆ ئەو کەسانەیە کە تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجەن و چارەسەر وەردەگرن, بۆ ماوەی ھەفتەیەکیش دەوامی فەرمانگەکان راگیراوە، تەنھا لەو فەرمانگانە دەوام دەکرێت، کە سەرقاڵی دابەشکرنی مووچەی فەرمانبەرانن بە رێکار و رێنمایی تەندروستییهوه.
H.B