لیژنەی شەهیدانی پەرلەمانی کوردستان وەڵامی سۆران عومەر دەداتەوە
"سۆران عومەر سوێندی یاسایی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان شکاندووە"
K24- ههولێر:
کەسوکاری شەهیدان و سەرۆکی لیژنەی شەهیدان له پهرلهمانی كوردستان وەڵامی سۆران عومەر دەدەنەوە و جهخت دهكهنهوه، قەوارەی هەرێمی کوردستان موڵكی هیچ حزب و لایهنێكی سیاسی نییه، بهڵكو لە ئەنجامی خوێنی هەزاران رۆڵەی ئەم کوردستانە بەدەستهاتووە.
هاوكات قسەکانی سۆران عومەر کەسوکاری شەھیدان و بریندارانی شەڕی داعشی نیگەران کردوە ئەوان دژی ئەو لێدوانەن و داوای دانانی سنورێك دەکەن بۆ ھەر کەس و لایەنیك، کە داوای ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەکەن.
لهكاتێكیشدا ھەر نوێنهرێك دوای دهرچوونی له ههڵبژاردنهكان، بهر لهوهی دهست به كاری پهرلهمانتاری خۆی بكات دەبێت سوێندی یاسایی بخوات، کە پارێزگاری لە یەکێتی خاك و یەكپارچەیی ھەرێمی کوردستان بکات، بەڵام سۆران عومەر بەو نووسینەی کە داوای ھەلوەشاندنەوەی قوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستان دەکات ئەم سوێندە یاسایەی شکاندوە.
لهمبارهشهوه سەوسەن محەمە میرخان، سەرۆکی لیژنەی شەھیدان له پەرلەمانی كوردستان داوای ھەڵوێست لە سەرۆکی پەرلەمان دەکات و دەشڵێت: سۆران عومەر بەکاردەھێنرێت دژی ھەرێمی کوردستان و دەیەوێت رێگری بکات لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی.
بەپێ قسەی پەرلەمانتاران و کەسوکاری شەھیدان، سۆران عومەر لەلایەن چەند گروپێکەوە بەکاردەھێنرێت و کاری سیخوری دەکات، ئەم قسانەش بۆ ئەوە دەیکات، تا پشێوی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان بنێتەوە و ئامانجێکی دیاری کراوی لهپشته.
لهلایهكی دیكهوه کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەڵێن ئەو کەس ولایەنانە مێژوو شەرمیان لێناکات و وەك خیانەتکاری نیشتمانی دەیانناسینیت و دەشڵێن: ئەو کەسانە ھیچیان لەو جاش و موستەشارانە کەمترنیە، کە لە رابردوودا بە ھۆی خیانەتەکانیانەوە بەر نەفرەتی میژوو کەوتوون.
هاوكات جهخت دهكرێتهوه، چەسپاندنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان وایکرد، مرۆڤی کورد ھەست بە پێگەی خۆی وەکو ھاولاتییەکی پلە یەك بکات و لە نوێنەرایەتیکردنی نەتەوەکەی خۆیدا لە پێگەیەکی بەرزدا خۆی لەگەڵ ھاوولاتیانی بەشەکانی دیکەی عێراق ببینێتەوە، قەوارەی ھەرێمی کوردستان بوو، ھاوکێشەی نەتەوەی عەرەبی باڵادەست و نەتەوەی کوردی ژێردەستەی گۆڕی و زەمینەی سازکرد جارێکی دیکە کورد نەبێتەوە بە جاش؛ دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان بوو زەمینەی بۆ دەرکەوتنی بەرەی ئۆپۆزیسێۆنی کوردستانی رەخساند، بەڵام پەرلەمانتارێك کە لەباشترین شوینی كوردستان جیگە و رێگەی ھەیە داوادە كات قەوارەی ھەریمی كوردستان ههڵوهشێتهوه.
H.B