ئایا تەنها بە قسەکردن کۆرۆنا دەگوازرێتەوە؟

پزیشکان وەڵام دەدەنەوە

K24- هەولێر:

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری American Journal of Respiratory and Critical Care Medicine بڵاوکراوەتەوە، ئەوە دەردەخات، قسەکردن بە دەنگی بەرز دەبێت هۆی گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە.

رایڤ دان، پرۆفیسۆر و سەرۆکی بەشی پزیشکی زانکۆی تێنێسی و بەرپرسی توێژینەوەکە دەڵێت، لەبەر ئەوەی دڵۆپە بچووکان لە کاتی کۆکە و پژمین و قسەکردن بڵاودەبنەوە، دەبێت بیر لەخۆ دوور خستنەوە بکەینەوە.

دەشڵێت، دەبێت دوو مەتر لە کەسانی دیکە دووربین بەتایبەت ئەگەر کەسەکە کۆک یان پژمینی هەبوو.

ئاشکرای دەکات، هەندێک لەو کەسانەی کە نیشانەیان نییە و تەنها هەڵگرن، دەکرێت لە رێگای قسەکردن لەگەڵ کەسانی دیکە تووش بکەن، چونکە لە کاتی قسەکردنیش دڵۆپە بچووکەکانی ناو دەم دەگوازرێنەوە.

پزیشکان لە رێگای بەکارهێنانی رووناکی لەیزەری هەستیار بۆیان دەرکەوتووە، کە قسەکردن بە دەنگی بەرز، هەزاران وردە دڵۆپە لیک لە دەمەوە فڕێدەداتە دەرەوە، بەڵام هێشتا بە تەواوی دڵنیان نین لەوەی، قسەکردنێکی لەسەرخۆ دەبێتە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە.

ئاماژەی بەوەشکراوە، لە ژوورێکی داخراو کە شێی زۆر بێت و کۆمەڵێک کەس پێکەوە دانیشتبن، دەکرێت یەک تووشبوو، ڤایرۆسەکە بۆ هەمووان بگوازێتەوە.

توێژەران ئەوەش دووپات دەکەنەوە، بەکارهێنانی دەمامک ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر کەم دەکاتەوە.