ئیندۆنیزیا ڕێگریی لە بەکار‌هێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن منداڵانەوە دەکات

وەزارەتی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی ئیندۆنیزیا، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ پاراستنی منداڵان، پلانی بۆ سنووردارکردنی تەمەن بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داناوە.

ئاژانسی هەواڵی 'ئەنتارا'ـی ئیندۆنیزیی بڵاوی کردەوە، پرۆژەیەکی هاوشێوە پرۆژە یاساکەی ئوسترالیا، گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، هەروەها سەرۆکی وڵاتیش ماوەی دوو مانگی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژە یاسایە دیاری کردووە.

میوتیا حافز، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی ئیندۆنیزیا، ڕایگەیاند، بڕیارێکی ئیمزا کردووە، بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت بە سنووردارکردنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن منداڵانەوە، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی منداڵانە.

ئەم لیژنەیە، لە ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی شوبات، دەست بە کارەکانی دەکات، لیژنەکە لە چەند دامەزراوەیەک پێک هاتووە، لەوانە وەزارەتەکان، زانایان، شارەزایانی پەروەردەی منداڵان، دامەزراوە دەروونییەکان و دەزگاکانی پاراستنی منداڵان.

بە گوتەی وەزیرەکە، سەرۆکی ئیندۆنیزیا پرابۆو سوبیانتۆ، خۆی فەرمانی داوە بە زووترین کات یاسای پاراستنی منداڵان لە بواری دیجیتاڵدا پەسەند بکرێت.

ئامانجی ئەم ڕێوشوێنە لە سەرووی هەموویانەوە سنووردارکردنی پێگە سێکسییەکان لە نێو منداڵاندا، کە ئێستا ئیندۆنیزیا لە ڕیزبەندی چوارەمی جیهانی دایە لە سەردانی پێگە سێکسییەکان.

لە مانگی تشرینی دووەمی 2024، ئوسترالیا پرۆژە یاسایەکی پەسەند کرد، کە منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵی لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان قەدەغە کرد. هەروەها بووە یەکەم وڵات لە جیهاندا کە تەمەنی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سنووردار بکات.