ڕاگرتنی هاوکارییەکانی ترەمپ قەیرانی مرۆیی لە کەمپی هۆڵ خراپتر کردووە

شانە نوستووەکانی داعش هەڕەشەیەکی زیاتر دەخوڵقێنن، لەکاتێکدا ڕاگرتنی هاوکارییەکان ناسەقامگیری لە کەمپی هۆڵ دروست دەکات

هەزاران ژن و منداڵ کە گومان دەکرێت پەیوەندییان بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ەوە هەبێت، دووچاری بارودۆخێکی مرۆیی خراپتر دەبنەوە لە کەمپی هۆڵی سووریا، دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ هاوکارییە دەرەکییەکانی ئەمەریکای ڕاگرت، ئەوەش بووەتە هۆی ڕاگرتنی خزمەتگوزارییە فریاگوزارییە گرنگەکان.

ڕاگرتنی هاوکارییەکان، کە بەشێکە لە ڕاگرتنێکی فراوانتری بەرنامە مرۆییەکانی پارەدارکراو لە لایەن ئەمەریکا لە سەرتاسەری جیهاندا، دانیشتوانی کەمپەکەی خستۆتە دۆخێکی خراپ کە ئێستا زیاتر لە جاران پێویستە هەوڵی پەیداکردنی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان بدەن.

ڕێکخراوی "بلومۆنتی" ئەمەریکی، کە زۆربەی کارەکانی کەمپەکە بەڕێوە دەبات لە ژێر چاودێریی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا، بۆ ماوەیەکی کورت خزمەتگوزارییەکانی دوای ڕاگرتنەکە هەڵپەسارد. بلومۆنت نان، ئاو، نەوت و گازی چێشتلێنانی دابەش دەکرد، کە ژیانی 37 هەزار دانیشتووی کەمپەکەی پێوە بەندە.

ئەحمەد عەبدوڵڵا حەمود، دانیشتووی کەمپەکە کە نکۆڵی لە پەیوەندی بە داعشەوە دەکات بە ئەسۆشیێیتێد پرێسی گوت: ئێمە نیگەران بووین کاتێک بلومۆنت چالاکییەکانی ڕاگرت.

دانیشتوویەکی دیکە، دیرار ئەلعەلی، بارودۆخەکەی بە ناهەموار وەسف کرد و گوتی: باوەڕم پێ بکە، ئێمە خۆراکمان دەست نەکەوت. تەنانەت نان تەنها کاتژمێر 2ی دوای نیوەڕۆ دەهات.

داهاتوویەکی نادیار لەگەڵ مەترسییە ئەمنییەکان

جیهان حەنان، بەڕێوەبەری کەمپەکە، ڕاگرتنی هاوکارییەکانی مەحکووم کرد و بە "بڕیارێکی شەرمەزارکراو" ناوی برد. هۆشداری دا کە ئەگەر پێداویستییە سەرەکییەکان دابین نەکرێن، دانیشتوان داوای ڕۆیشتن دەکەن.

حەنان بە ئەسۆشیێیتێد پرێسی گوت: بلومۆنت ڕۆژانە 5 هەزار کیسە نان دابەش دەکات، بە تێچووی نزیکەی 4 هەزار دۆلار، شتێک کە دەسەڵاتە خۆجێییەکان لە ناوچە کوردییەکە توانای دابینکردنیان نییە.

بلومۆنت، دواتر مۆڵەتێکی کاتی دوو هەفتەیی لە ئیدارەی ترەمپ وەرگرت، کە ڕێگەی پێدا لە 28ی کانوونی دووەم کارەکانی دەست پێ بکاتەوە. هەرچەندە، داهاتووی درێژخایەن نادیار دەمێنێتەوە. فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (SDF) مەزڵوم عەبدی پشتڕاستی کردەوە کە ئەم پرسەی لەگەڵ بەرپرسانی هاوپەیمانی بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا باس کردووە، ئاماژەی بەوە داوە کە لەوانەیە ئەمەریکا جیاوازییەک بۆ باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا بکات.

قەیرانەکە لە کاتێکدا دێت کە نیگەرانییەکانی ئاسایش زیاد بوونە. دوای ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد، لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم، ڕاپۆرتی ئەوە بڵاوبۆتەوە کە داعش هەوڵ دەدات بۆشایی دەسەڵات بقۆزێتەوە. زانیاری لە هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا، حکوومەتی عێراق و SDF ئاماژە بەوە دەکەن کە خانە نوستووەکانی داعش پلانی هێرشکردنە سەر کەمپەکەیان هەیە، کە بووەتە هۆی زیادبوونی ئاسایش.

هۆڵ: ناوەندی پەروەردەکردنی توندڕەوی؟

کەمپی بەرفراوانی هۆل، کە بە بارودۆخی خراپ و دانیشتوانی توندڕەوی ناسراوە، ئاڵنگارییەکی ئەمنیی دەمێنێتەوە. لە نێو 37 هەزار دانیشتوانیدا، نزیکەی 16 هەزاریان یان عێراقی و 15 هەزاریان سوورین. هەروا 6 هەزار 300 کەسی وڵاتانی تر، زۆربەیان ژن، بێوەژن و منداڵی شەڕکەرانی داعش لە 42 وڵاتی جیاواز، لە بەشێکی توند پارێزراودا دەژین کە پێی دەوترێت پاشکۆ.

کەمپەکە ڕێگای قیرتاوکراوی نییە و پڕە لە خۆڵ و خاشاک. زۆربەی منداڵ و هەرزەکاران، کە کاتیان بۆ خەریککردن گەمە، بەر بیروباوەڕی توندڕەوی دەکەون. کاتێک ڕۆژنامەنووسانی ئەسۆشیێیتێد پرێس سەردانیان کرد، منداڵان لە پاشکۆکە بەردیان هاویشتە سەریان و هاواریان دەکرد، "تۆ شەیتانیت" و "دەوڵەتی ئیسلامی بەردەوامە."

ژنێکی چینی لە پاشکۆکە، کە خۆی بە ئەسما ئەحمەد ناساند، گوتی: دەترسێت بگەڕێتەوە چین و پێداگریی دەکات کە "ڕزقی من لە خواوەیە." گوتیشی: چاوەڕێی ئەندامانی داعشە بۆ ڕزگارکردنی خێزانەکەی.

حەنان هۆشداری دا کە هۆل "مەترسیدارترین شوێنە لە جیهاندا" و داوای لە وڵاتان کرد، هاوڵاتیانیان بگەڕێننەوە بۆ ڕێگریی لە گەورەبوونی منداڵان لەژێر کاریگەری توندڕەوی.

جەختیشی کردەوە، "ئەم شوێنە گونجاو نییە بۆ منداڵان." 

 جەنەراڵ مایکڵ ئێریک کوریلا، سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا، لە کاتی سەردانێکی دواییدا بۆ هۆڵ، گوتی: "سوپای ئەمەریکا چەندان جار داوای هەوڵەکانی گەڕاندنەوەی دانیشتوانی کەمپەکەیان کردووە بۆ وڵاتانی خۆیان. "بەبێ هەوڵەکانی گەڕاندنەوە، چاکسازی و دووبارە تێکەڵکردنەوە، ئەم کەمپانە مەترسی دروستکردنی نەوەی داهاتووی داعشیان هەیە."

کارەساتێکی مرۆیی لە گەشەکردندا

لەکاتێکدا سووریا گۆڕانی سیاسیی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت، زۆرێک لە دانیشتوانە سوورییەکانی کەمپەکە خواستی گەڕانەوەیان دەربڕیوە.

لای خۆیەوە حەنان پشتڕاستی کردەوە کە دەسەڵاتە خۆجێییەکان ڕازی بوون ڕێگە بە هەر سوورییەک بدەن کە دەیەوێت بڕوات. هەرچەندە، هۆشداری دا کە ئەگەر هاوکاریی ئەمەریکا بە شێوەیەکی هەمیشەیی ڕابگیرێت، بارودۆخەکە دەکرێت خێرا لە کۆنترۆڵ دەردەچێت.

حەنان دەڵێت: "تەنانەت ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی کەمپەکە کەم ببێتەوە، کارەساتێک ڕوودەدات ئەگەر هاوکاری ئەمەریکا دووبارە ڕابگیرێت."

ئێستە دانیشتوانی هۆل لە دڕدۆنگیدا گیریان خواردووە، چارەنووسیان پشت بە سیاسەتی گۆڕاوی ئەمەریکا و بارودۆخی ناسەقامگیریی ئەمنیی لە سووریای دوای ئەسەد دەبەستێت.