له رانیه تووشبوویه‌كی دیكه‌ی كۆرۆنا گیانی له‌ده‌ستدا
ئه‌مشه‌و سێیه‌م حاڵه‌تی مردن به كۆرۆنا له هه‌رێمی كوردستان تۆمار كرا

K24 – هه‌ولێر:
به گیان له‌ده‌ستدانی دایكی كارمه‌ندێكی ته‌ندروستی له رانیه، ئه‌مشه‌و سێیه‌م حاڵه‌تی مردن به كۆرۆنا له هه‌رێمی كوردستان تۆمار كرا.
په‌یامنێری كوردستان24 له رانیه رایگه‌یاند، ئه‌و ئافره‌ته‌ی گیانی له‌ده‌ستداوه، دایكی كارمه‌ندێكی ته‌ندروستی بووه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌مشه‌و له سلێمانی گه‌نجێك كه هیچ نه‌خۆشییه‌كی دیكه‌ی نه‌بوو، به كۆرۆنا گیانی له ده‌ستدا و له چه‌مچه‌ماڵیش هاووڵاتییه‌ك كه نه‌خۆشی شه‌كره‌ی هه‌بووه، له ژێر ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد، گیانی له‌ده‌ستدا و 12 كه‌سی دیكه‌ش تووشی كۆرۆنا بوون.
سەرچاوەیەک لە تەندروستی سلێمانی بۆ کوردستان24 رایگه‌یاند، کەمێک پێش ئێستا گەنجێکی تەمەن 28 ساڵ کە ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، لە نەخۆشخانەی "تاھیر عه لی والی بەگ" گیانی لەدەستدا.
گوتیشی: ئەو گەنجە ھیچ نەخۆشییەکی دیکەی لەگەڵ نەبووە.
هاوكات هه‌ر ئه‌مشه‌و له چه‌مچه‌ماڵ هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ی تووشبووی كۆرۆنا گیانی له‌ده‌ستدا و 12 كه‌سی دیكه تووشی په‌تاكه بوون.
له‌و باره‌یه‌وه، دکتۆر فەرهاد محەمەد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ رایگەیاند، تووشبوویەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە پیاوێکی تەمه‌ن 53 ساڵە و دانیشتووی چەمچەماڵە و نەخۆشی درێژخایەن (نەخۆشی شەکرە) لەگەڵدابوو، ئامێری هەناسەدانی دەستکردی بۆ دانرابوو ئەمڕۆ یەکشەممە گیانی لەدەستدا.
بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ گوتیشی: لەئەنجامی پشکنین بۆ گومانلێکراوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەمڕۆ 12 تووشبووی نوێ دەستنیشانکران، کە شەش پیاو و شەش ئافرەتن تەمەنیان لە نێوان (22 بۆ 66) ساڵە و یانزە کەسیان دانیشتووی ناو چەمچەماڵن و یەک تووشبوویان دانیشتووی ناحیەی بازیانە و سەرجەمیان نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان پێوەیە.