ئانۆ جه‌وهه‌ر: ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه ده‌یكات نه خه‌باته و نه كوردایه‌تییه
"په‌كه‌كه تێكده‌ره"
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی، ئانۆ جه‌وهه‌ر، رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه ده‌یكات، كاری تێكده‌رانه‌یه و نه خه‌باته و نه كوردایه‌تییه و نه نیشتمانپه‌روه‌رییه و داوا ده‌كه‌ین نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به هانای كریستیانه‌كانی سنووری زاخۆوه بێن و له ئاگری شه‌ڕ بیانپارێزن.
به هۆی شه‌ڕی په‌كه‌كه و سوپای توركیا له سنووری قه‌زای زاخۆ ژماره‌یه‌ك گوندی كریستیان نشین چۆڵكراوون و هاووڵاتیانی دانیشتووی ئه‌و گوندانه ئاواره‌ی دهۆك بوون.
له‌و باره‌یه‌وه له میانی ژووری هه‌واڵی كوردستان24، ئانۆ جه‌وهه‌ر باسی له ره‌وشی كریستیانه‌كان كرد و گوتی: "به ده‌یان گوندی كریستیان نشین له سنووری زاخۆ چۆڵ كراوون و هاووڵاتیانی ئه‌و گوندانه ئاواره بوون و روویان له دهۆك كردووه. ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت ته‌نیا بیانوو دانه به هێزێكی زه‌به‌لاح و وڵاتێكی به‌هێز بۆ ئه‌وه‌ی بێت و په‌لاماری ئه‌م گوندانه بدات. ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه ده‌یكات ته‌نیا بیانوودانه به ده‌ست توركیا بۆ ئه‌وه‌ی له‌شكركێشی بكات".
گوتیشی: "ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه ده‌یكات، نه به‌رگرییه له خاك و نه خه‌باتكردنه. به‌ڵكو هه‌نارده‌كردنی شه‌ڕی خۆیه‌تی بۆ ده‌ره‌وه. پێویست بوو ئه‌و هێزه بچێته‌وه گۆڕه‌پانی خۆی".
روونیشیكرده‌وه، "دوای 2003 كه قاعیده په‌لاماری كریستیانه‌كانی دا و 111 كڵێسه‌ی سوتاند و ته‌قانده‌وه و ئه‌و كریستیانانه له عێراقه‌وه روویان له هه‌رێمی كوردستان كرد و ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان شتێكی به‌سه‌ر بێت، ئه‌و كریستیانانه به‌ره‌و كوێ بچن. ئێستا ته‌واوی كریستیانه‌كانی عێراق روویان له هه‌رێم كردووه، جگه له كریستیانه‌كانی خه‌ڵكی ناوچه‌كانی هه‌رێم، ئه‌گه‌ر ره‌وشه‌كه وابێت و هه‌رێم تووشی مه‌ترسی بێت، ده‌بێت كریستیانه‌كان رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به ته‌واوی به‌جێ بهێڵن".
ئانۆ جه‌وهه‌ر باسی له‌وه‌شكرد، ره‌وشی گونده كریستیانه‌كان له زاخۆ ئاڵۆزه و ئێمه سوورین له‌سه‌ر پاراستنی ئاو و خاك و هه‌وای كوردستان، شه‌ڕ شتێكی پیسه. ئه‌وه‌ی ئێستا به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرتووه، په‌یوه‌ندی به هه‌رێمه‌وه نییه. هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین ساڵه قوربانی داوه، ئێستا به ده‌ستووری عێراق، به هه‌وڵی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی كیانێكی یاساییمان هه‌یه، ئه‌گه‌ر برایانی پارچه‌كانی دیكه ده‌یانه‌وێت خه‌بات بكه‌ن، با بچن خه‌باتی خۆیان له پارچه‌ی خۆیان بكات.
دووپاتیكرده‌وه، ئه‌وه‌ی ئێستا په‌كه‌كه ده‌یكات، "ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ئه‌م كیانه‌مان بخاته مه‌ترسییه‌وه نه كوردایه‌تییه و نه نیشتمانپه‌روه‌رییه و ئه‌مه نیشانه‌ی پرسیاری گه‌وره‌ی له‌سه‌ره كه له‌م كاته‌دا زیان به نه‌ته‌وه‌ی خۆی ده‌گه‌یه‌نێت".
ئانۆ جه‌وهه‌ر گوتیشی: "من خۆم سیاسه‌تم خوێندووه، به‌ڵام له په‌كه‌كه تێناگه‌م و ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یكه‌ن، ته‌نیا كاری تێكده‌رانه و گێره‌شێوێنییه. هه‌رێم حكومه‌ت و په‌رله‌مانی خۆی هه‌یه. په‌رله‌مانه‌كه‌ی و حكومه‌ته‌كه‌ی كوردن، تێناگه‌م ئه‌وان ده‌یانه‌وێت چی لێ بكه‌ن. ئه‌م خاكه ناوی خاكی هه‌رێمی كوردستانی عێراقه. داواش ده‌كه‌م به ئاشتی و تێگه‌یشتن خه‌باتی خۆیان بكه‌ن.
ئانۆ جه‌وهه‌ر داوای له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانی زلهێز كرد، به هانای كریستیانه‌كانی زاخۆ بێن و داواش له توركیا ده‌كه‌ین رێز له بوونمان بگرێت و داواش له په‌كه‌كه ده‌كه‌ین رێز له كیانی هه‌رێمی كوردستان بگرێت و بچێت به ئاشتی له وڵاتی خۆی خه‌بات بكات.
پارتی كرێكارانی كوردستان له 15ی ته‌باخی 1978 له توركیا دامه‌زراوه و له 1984 شه‌ڕی چه‌كداری له دژی سوپای توركیا ده‌ستپێكردووه و دامه‌زرێنه‌ر و رێبه‌ری ئه‌و پارته چه‌كدارییه، عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان له 15ی شوبات/ فێبرایه‌ری 1999 له وڵاتی كینیا له لایه‌ن هه‌واڵگری توركیا ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و به فڕۆكه‌یه‌كی تایبه‌ت گه‌ڕێندرایه‌وه توركیا و سزای زیندانی هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه.
به گوێره‌ی ئاماره‌كانی توركیا، له ماوه‌ی 35 ساڵی شه‌ڕی سوپای توركیا و په‌كه‌كه‌دا نزیكه‌ی 40 هه‌زار كه‌س له هه‌ردوولا كوژراوون.