زیاتر لە حەوت هەزار کارگوزاری ئافرەتی بیانی لە هەرێمی کوردستان هەن

لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆری کرێکاری بیانی هەن و بەشێکیان کارگوزاری ئافرەتن و لە ماڵەکاندا کار دەکەن، 55 کۆمپانیای تایبەت بەم کرێکارانە هەن.
گۆران عوسمان، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، چوارشەممە 5ـی شوباتی 2025، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: بەگوێرەی تۆمارەکان حەوت هەزار و 602 کارگوزاری ئافرەتی بیانی لە نێو ماڵەکان کاردەکەن، کە لە ڕێگەی کۆمپانیاکانەوە دێنە هەرێمی کوردستان و دەبنە خاوەن کار.
گۆران عوسمان گوتیشی: پێشووتر 202 کۆمپانیای تایبەت بە کرێکارانی بیانی هەبوون، بەڵام ئێستا تەنیا 55 کۆمپانیا هەن و گرێبەستی هەر کرێکارێک بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت و ساڵانە گرێبەستەکانیان نوێ دەکەنەوە.
ئەو بەڕێوەبەرە باسی لەوەشکرد، کرێ و مووچەی کرێکارە بیانییەکان، کۆمپانیاکان بەهاوبەشی لەگەڵ خاوەن ماڵ یان خاوەنی کار دیاری دەکەن، بەڵام نابێت لە 350 هەزار دینار کەمتر بێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ماڵپەڕی کوردستان24 کەوتوون، ئافرەتانی ئێندۆنیزیی لەڕووی ئایینەوە لەگەڵ خانەوادەکانی هەرێمی کوردستان گونجاون، هەر بۆیە زۆرترین داواکاری لەسەر وەرگرتن و پێدانی کارە بەوان.