دلاوەر ئاژگەیی: هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ چاره‌كردنی كێشه‌كانی دیكه‌

دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا
دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا بەشداری لە کۆبوونەوەی هاوبەشیی یەکێتیی ئەورووپا و عێراق تایبەت بە وزە دەکات؛ هاوكات تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر پرسی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و ئەو کێشانەی لە ڕابروودا له‌م باره‌وه‌ لە نێوان حکوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق له‌ ئارادا بوون.

چوارشه‌ممه‌، 5ـی شوباتی 2025، دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا هاوشان لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵی عێراق بەشداری لە کۆبوونەوەی هاوبەشیی نێوان عێراق و یەکێتیی ئەورووپا کرد کە تایبەت بوو بە پرسی وزە و لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر هاوکاریی هەردوولا له‌ باره‌ی وزە بە تایبەتی پرسی نەوت و گاز.

دلاوەر خالید ئاژگەیی لە گوتەیەکدا تیشکی خستە سەر پرسی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و ئەو کێشانەی لە ڕابروودا لە نێوان حکوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق له‌ ئارادا بوون و بوونه‌ هۆکاری وەستانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و ئەو زەرەرە ئابوورییەی بەو هۆیەوە ڕووبه‌ڕووی هەرێمی کوردستان و عێراق بووه‌تەوە.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا هاوكات باسی لە دوایین بڕیاری پەرلەمانی عێراق کرد وەکوو هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ چارەکردنی کێشەکە و هیوای خواست سەرجەم کێشەکانی نێوان هەردوولا چارە بکرێن.

هەر لەو کۆبوونەوە نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا پێشوازیی لەو بڕیارە نوێیە کرد و وەکوو هۆكارێكی گرنگ بۆ سەقامگیریی سیاسی لە عێراق باسی لێوە کرد و دەستخۆشی لە لایەنی هه‌ردوو حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق و حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کرد بۆ چارەکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن.