محەممەد جەواد زەریف دێتە عێراق

محەممەد جەواد زەریف
محەممەد جەواد زەریف

محەمەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆکی ئێران، لە ئایندەیەکی نزیک تارانی پایتەختی وڵاتەکەی بەرەو بەغدا بەجێدەهێڵێت و بڕیارە لە ماوەی 3 ڕۆژدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، پرسی سووریا و گرووپە چەکدارەکان تاوتوێ بکات.

چوارشەممە 5ـی شوباتی 2025، میدیاکان بڵاویان کردەوە، محەممەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆکی ئێران، تاران بەرەو بەغدا بەجێدەهێڵێت و بڕیارە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەحممود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان و چەند سەرکردەیەکی سیاسی لە عێراق کۆ ببێتەوە، لە کاتێکدا دوێنێ مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کۆبووەوە. 

ئەو سەردانەی زەریف بۆ بەغدا، دوای سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دێت بۆ ئێران کە مانگی ڕابردوو کردی و لە دیدارەکانی لەگەڵ بەرپسانی باڵای ئەو وڵاتە، باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد، لەگەڵ پرسە ئەمنی و ئابوورییەکان.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشکرای کردووە، محەممەد جەواد زەریف لە بەغدا، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و سەرکردە سیاسییەکان چەند پرسێک تاوتوێ دەکات، لەوانە پرسی سیاسی و ئەمنی هاوبەش، لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانیش داوا دەکات هێور ببنەوە، پێیان دەڵێت کە پابەند بوون بە ڕاسپاردەکانی حکوومەت لە بەرژەوەندیی ئەوان و عێراقدایە.