لووتکەی ئازادیی ئایینەکان لە واشنتن بەڕێوە چوو

بە بەشداری زیاتر لە 1500 کەسایەتی و 150 ڕێکخراو کە نوێنەرایەتیی زیاتر لە 40 وڵاتییان دەکرد، لووتکەی نێودەوڵەتیی ئازادیی ئایینەکان لە واشنتن بەڕێوە چوو.
هەرێمی کوردستان کە لە ئاستی نێودەوڵەتی وەک شوێنی پێکەوەژیان ناسراوە، نوێنەرانی پێکهاتە ئاینییەکان بەشداریی لووتکەکەیان کرد.
بەگوێرەی ڕێکخراوی ئازادیی ئایینی، 80%ـی خەڵک لە جیهاندا لەو شوێنانە دەژین کە حکوومەتەکان و کۆمەڵگە بەربەست بۆ شوێنکەوتووە ئایینەکان دروست دەکەن.
ئامانجی لووتکەکەش تاوتوێکردنی ئازادیی ئایینی و چەوساندنەوەیە لەنێو کۆمەڵگەکان.
شارین رەنیۆن، بەڕێوەبەری ستافی سکرتاریەتی ئازادیی ئایینەکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بایەخی ئەم لووتکەیە ئەوەیە خەڵکی خاوەن باوەڕی جیاوازی تەواوی جیهان کۆدەکاتەوە بۆ قسەکردن لەبارەی کێشەی ئازادییە ئاینییەکان. ئێرە یەکێکە لەو شوێنانەیە کە خەڵکی پلە باڵا تێیدا بەشداریی دەکەن، بەرپرسە حکوومییەکان و کەسایەتییەکانی بەرستگا هەموویان بەیەکەوە باس لە بابەتی گرنگ دەکەن. ئەم جۆرە لووتکەیە وزەیەکت پێ دەدات بۆئەوەی کە گەڕایەوە ئۆفیسەکەت کاری زیاتر بکەیت."
کاڵێ فەقێ، توێژەر لەبارەی ئازادی ئایینەکان دەڵێت: ئێمە، لە کوردستان 8 ئاینمان هەیە کە بە پێی یاسا ڕێگەیان پێ دراوە، بە ئازادانە پەیڕەوی ئاینەکەی خۆیان دەکەن، بەفەرمی دانیان پێدا نراوە.
لای خۆیەوە غانم سەلیم، نوێنەری ئێزدییەكان دەڵێت: ڕەوشی ئێزدییەکان لە عێراق سەقامگیر نییە، دەیان هەزار ئاوارە لە کەمپەکانی پەنابەراندا دەژین، خاکی ئێزدییەکان وەک شنگال و ناوچەکانی دیکە وێرانن، پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و یارمەتیدان زۆر کەمن. پێویستمان بە هاوکاریی زیاتر هەیە. پێویستمان بە سندووقی هاریکارییی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەو ناوچانە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریی ئێزدییەکان دەکات و دەیان هەزار ئاوارەی لە کەمپەکاندا نیشتەجێ کردووە و لە دەرەوەی کەمپەکانیش لە ئاستێکی گەورەدا هاوکارییان دەکات.
تاهیرە سادق، نوێنەری بەهائییەکان گوتی: هەرێمی کوردستان نموونەیەکی زۆرجوانی داوەتە جیهان، کە چۆن پێکەوەژیان هەیە لە کوردستان، ئێمە چەند ساڵێکە وەکو ئایین کار بۆ ئەم پرۆسیسە دەکەین."
کۆنفرانسی ئازادیی ئاینی نێودەوڵەتی لە 2021ەوە لە واشنتن دی سی، ساڵانە بەڕێوە دەچێت، بیرۆکەی کۆنفرانسەکە لە پابەندبوونی هاوبەش بۆ ئامانجی ئازادیی ئاینی بۆ هەر تاکێک لەدایک بوو، بەگوێرەی ڕێکخراوی ئای ئاڕ ئێف 80%ی خەڵک لە جیهاندا لەو شوێنانە دەژین کە حکوومەتەکان و کۆمەڵگە بەربەست بۆ شوێنکەوتووە ئاینەکان دروست دەکەن.
لووتکەی ئازادیی ئاینەکان دەرفەتێکە بۆ هەموو پێکهاتە دینی و لایەنانەی کە لە وڵاتەکانیان مافەکانیان پێشێل دەکرێت، بۆ ئەوەی لەم لووتکەیەدا باس لە کێشە و گرفتەکانی خۆیان بکەن.