پەرلەمانی کوردستان وەرزی بەهارەی درێژکردەوە

لە ماوەی ئەم مانگەدا پەرلەمان ئەو بابەتانە گفتوگۆ ده‌كات کە فراکسیۆنەکان لەسەری رێکدەکەون

K24- هه‌ولێر:

پەرلەمانی کوردستان وەرزی بەهارەی بۆ ماوەی مانگێک درێژکردەوە و بڕیارە هەفتەی داهاتووش کۆببێتەوە، لە بارەی کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووش بڕیارە لەم نزیکانە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرنامەی کار دیاری بکات و درێژکردنەوەی وەزری بەهارەی پەرلەمانيش بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر کۆمەڵێك بابەتی سیاسی، ئابووری، تەندروستی و دارايی.

بە مەبه‌ستی گفتوگۆکردن لەسەر رێكاره‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێکەوتنەکانی هەولێر و بەغدا، هێرشەکانی تورکیا و تۆپبارانی بۆ سەر ناوچە سنووریەکان، دۆخی ناوچە کوردستانیەکان و جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی پەرلەمان ماوەی پشوی هاوینەی کورت کردوەتەوە.

فراكسیۆنه‌كانیش بۆچوونی جیاوازیان لەسەر ریزبەندی بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان هەیە هەر فراکسیۆنێك داوا دەکات هەفتەی داهاتوو لەسەر بابەتێك کۆببێتەوە، بڕیاریشە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بە رێکەوتن لەگەڵ سەرۆك فراکسیۆنەکان بەرنامەی کاری پەرلەمان دابنێت و لە ماوەی ئەم مانگەدا پەرلەمان لەسەر ئەو بابەتانە گفتوگۆ بکات، کە فراکسیۆنەکان لەسەری رێکدەکەون.

H.B