داوا ده‌كرێت عێراق ماف و شایسته‌ داراییه‌كانی كۆمپانیاكانی كه‌رتی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان خه‌رج بكات

دەركردنی یاسای نەوت و غاز بە باشترین بژاردە بۆ چاره‌سه‌ركردنی کێشەی نەوت لە نێوان ھەولێر و بەغدا دەزانرێت

K24- هه‌ولێر:

ئەندامێکی لیژنەی سامانە سرووشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: پێویستە عێراق ماف و شایستەی دارایی ئەو کۆمپانیایانە بدات کە لە کەرتی نەوتی ھەرێمی کوردستان کار دەکەن، چونکە ئەمە لە دەستوور جێگیر کراوە، پەرلەمانتارێکی یەکێتیش دەرچوونی یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە باشترین بژاردە بۆ چاره‌سه‌ركردنی کێشەی نەوت لە نێوان ھەولێر و بەغدا دەزانێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، بوونی یاسای نەوت و غاز چەندین ساڵە خواستی فراکسیۆنە کوردستانیەکانە، بەڵام تا ئێستا عێراق بێ ئەو یاسایە کاروبارەکانی سامانی ژێر زەوی وڵاتەکەی رایی دەکات، چونکە یاسای نەوت و گاز وا دەکات نەوت و سامانە سرووشتیەکانی دیکە موڵکی ھەمووان بێت و بە پشت بەستن بە ماددە دەستووریەکان لە رووی یەك سیاسەتی نەوتی، رەچاوی مافە دەستووریەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت.

گفتوگۆکانی ھەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی نێوانیان بەردەوامە، کێشەی نەوتیش یەکێکە لەو کێشانەی ساڵانیکە بە ھەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، لە نوێترین لێدوانیشیدا وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای کردووە، بە یەکەوە سازان لە کەرتی نەوت دەکەین و مافە دەستووریەکانی ھەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سیاسەتێکی نەوتی ھاوبەش رەچاو دەکەین. 

H.B