زانایەک هۆشداری بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر لە ئیستانبوڵ دەدات

دوای تێپەڕینی دوو ساڵ بەسەر بوومەلەرزەکەی پارێزگای مەڕەشی باکووری کوردستان، زانایەکی بوومەلەرزەزانی تورکیا هۆشداریدا لەوەی، ڕەنگە لە داهاتوو بوومەلەرزەیەکی بەهێز و مەترسیدار لە ئیستانبوڵ ڕووبدات، کە ملیاران دۆلار زیان بە تورکیا بگەیەنێت و مەترسی لەسەر ژیانی هەزاران کەسدا دروست بکات.
پێنجشەممە 6ـی شوباتی 2025، ناجی گۆرور، زانای بوومەلەرزەزانی تورکیا بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیای ڕاگەیاند، ئەگەر لە داهاتوودا بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە ئیستانبۆل ڕووبدات ئەوە مەترسی لەسەر ڕووخانی سەدان هەزار خانوو و ژیانی هەزاران کەسدا دروست بکات.
هەروەها گوتیشی: هێشتا تورکیا بۆ بوومەلەرزەیەکی لەو شێوەیە ئامادە نییە، کە ڕەنگە ملیاران دۆلار زیان بە تورکیا بگەیەنێت.
ئاماژەشیدا بەوەی، دەسەڵاتدارانی تورکیا و خەڵکەکەی هەست بە مەترسی بوومەلەرزەکە ناکەن، ئەو ڕێکارانەی حکوومەتی تورکیا بۆ پاراستنیباڵەخانە و یەکەی نیشتەجێبوونەکانی گرتوویەتیەبەر وەکو پێویست نییە.
موراد کوروم، وەزیری ژینگە و گەشەپێدان و گۆڕانی کەشوهەوای تورکیاش ڕایگەیاند، ئیستانبوڵ بەرگەی بوومەلەرزەی لەم شێوەیە ناگرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوو ساڵ بەر لە ئێستا و لە 6ـی شوباتی ساڵی 2023، دوو بوومەلەرزە لە مەڕەشی باکووری کوردستان ڕوویاندا، گوڕەکانیان 7.7 و 7.6 پلەی ڕێختەر بوو.
لە ئەنجامی بوومەلەرزەکاندا 53 هەزار و 537 کەس گیانیان سپارد و 107 هەزار و 213 کەسی دیکەش بریندار بوون و بوومەلەرزەکان کاریگەرییان بەسەر 11 پارێزگا و 14 ملیۆن هاووڵاتییەوە هەبوو.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە دوو ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتی ماڵ و حاڵیان لە دەست دا، زیاتر لە 700 هەزار باڵەخانە و یەکەی نیشتەجێبوون زیانیان پێگەیشتبوو.