بانکی ناوەندیی عێراق لەماوەی پێنج ڕۆژدا زیاتر لە ملیار دۆلاری فرۆشتووە

لە ماوەی پێنج ڕۆژی هەفتەی ڕابردوودا، بانکی ناوەندیی عێراق، زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری بە کاش و حەواڵە فرۆشتووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی بانکی ناوەندیی عێراق، بانکەکە لە هەفتەی ڕابردوودا، یەک ملیار و 483 ملیۆن و 683 هەزار و 938 دۆلاری ئەمەریکی فرۆشتووە، واتە ڕۆژانە 296 ملیۆن و 736 هەزار و 787 دۆلار. 

ئەم ڕێژەیە بە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر زیادی کردووە، کە تێکڕای فرۆشی ڕۆژانەی 291 ملیۆن و 596 هەزار و 90 دۆلار بووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەرزترین بڕی فرۆشتنی دۆلار لە ڕۆژی سێشەممەدا بووە، کە بریتی بووە لە 300 ملیۆن و 991 هەزار و 364 دۆلار. کەمترین فرۆشیش ڕۆژی چوارشەممە بووە و گەیشتووەتە 291 ملیۆن و 927 هەزار و 533 دۆلار.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی بانکی ناوەندیی عێراق، لە هەفتەی ڕابردوودا، فرۆشی حەواڵەی دەرەکی یەک ملیار و 393 ملیۆن و 83 هەزار و 938 دۆلار بووە، هاوکات بڕی 90 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاریش بە کاش فرۆشراوە.