ئومێد خۆشناو: سەرۆک وەزیران چاودێری و سەرپەرشتی دابەشکردنی زەوی دەکات

پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، خۆی چاودێری جێبەجێکردنی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر تەواوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەوانەی لە وەرگرتنی زەوی پێشتر سوود مەند نەبوون، دەشڵێت: پرۆسەکە شەفافانە بەڕێوە دەچێت، هەر کەسێک سوود مەند بێت و فۆرم پڕ بکاتەوە، دووچاری لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
شەممە 8ـی شوباتی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە هەواڵەکانی کاتژمێر6ـی کوردستان24 کە کۆڤان عیزەت پێشکەشی دەکات ڕایگەیاند: ناوی 73 هەزار کارمەندی وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە، دوای ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران گەڕاوەتەوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بۆ ئەوەی تیر و پشکیان بۆ بکرێت و لە سنووری خۆیان زەوییان پێ بدرێت.
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، خودی خۆی سەرپەرشتی و چاودێری پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەکات و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ڕادەسپێرێت کارئاسانی زیاتر بکەن بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەکە.
ئومێد خۆشناو دەڵێت: پرۆسەی دابەشکردنی زەوی شەفافانە بەڕێوەدەچێت، هەر کەسێک پێشتر سوود مەند بووبێت و ئێستاش فۆرم پڕ بکاتەوە، دووچاری لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە، ئاماژە بەوەش دەکات، لە تەواوی پاریزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئامادەکاریی بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران کراوە و ڕووبەر و زەوی دیاریکراوە بۆ دابەشکردن لە تەواوی ناوچەکانی کوردستان.