دێربی مەدرید گڕ دەگرێت
ریال مەدرید لە دژی لالیگا و ناوبژیوانان هاواری لێ هەستاوە

ریال مه‌درید له جه‌نگی پێشه‌نگایه‌تی له گه‌ڕی 23ـی لالیگا و له دێربی مه‌درید كاتژمێر 11:00ـی ئەمشەو به‌كاتی هه‌ولێر مێوانداریی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید ده‌كات كه له‌م یارییه ریال مه‌درید به‌هۆی پێكان له تواناكانی رۆدیگێر و ئالابا بێبه‌ش ده‌بێت، پێش یارییه‌كه‌ش كارلۆ ئانچیلۆتی گوتی تیپه‌كه‌م حه‌زی له‌م جۆره یارییانه‌یه، ئەمەش لە كاتێكدایە ئاتڵێتیكۆ مه‌درید له ساڵی 2016ـه‌وه نه‌یتوانیوه له سانتیاگۆ بێرنابیۆ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت.
ریال مه‌درید به كۆكردنه‌وه‌ی 49 خاڵ پێشه‌نگی لالیگای گرتووه و ئاتڵێتیكۆ مه‌دریدیش 48 خاڵی هه‌یه و له پله‌ی دووه‌م دێت ئه‌م یارییه‌ش شه‌ڕی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پێشه‌نگایه‌تییه.
له‌م یارییه ریال مه‌درید به‌هۆی پێكان له تواناكانی داڤید ئالابا و ئانتۆنی رۆدیگێر بێبه‌ش ده‌بێت، پێكانه‌كانی ئیدیر میلیتاو و كارڤاخالیش درێژخایه‌نه و یاریی ناكه‌ن، به‌ڵام ئێدوارد كاماڤینگا گه‌ڕاوه‌ته‌وه و به‌شداریی دێربی ده‌كات له ئاتڵێتیكۆ مه‌دریدیش ریكێلمی و تۆماس لیمار به‌هۆی پێكان یاریی ناكه‌ن و لی نۆرماندی به‌رگریكاریش به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كارته زه‌رده‌كانی سڕكراوه و له دێربی داده‌بڕێت
لێدوانەكانی ئانچیلۆتی لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی سیمیۆنی
زۆر حه‌زمان له‌م جۆره یارییانه‌یه، فشارێكی زۆرمان له‌سه‌ره و هانده‌رێكی زۆریش بینه‌رمان ده‌بن، كۆمه‌ڵێك یاریزانی زۆر نایاب له یاریگه ده‌بینین، یارییه‌كه بۆ هه‌مووان سه‌خته به‌تایبه‌تی به‌رپرس و راهێنه‌ره‌كان و ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت له یاریگه ئه‌وپه‌ری هه‌وڵی خۆمان بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی یارییه‌كی جوان پێشكه‌ش بكه‌ین و چێژ له یارییه‌كه ببینین، زۆر كه‌س ته‌نیا ره‌خنه ده‌گرێت و بیری چووه له سه‌ره‌تای وه‌رزه‌وه كێشه‌ی به‌رگریمان هه‌یه و كارڤاخالی باشترین به‌رگریكاری باڵی راستی جیهانمان له‌ده‌ست داوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هێشتا ئه‌نجامه‌كانمان زۆر باشن، ئێمباپێ له‌وه‌ته‌ی هاتووه‌ته ریال مه‌درید هیچ داواكارییه‌كی نه‌بووه، داوای لێدانی پێناڵتی نه‌كردووه، داوای گۆڕینی شوێنی یارییكردنی نه‌كردووه، هەندێك كاتی پێویست بوو تا خۆی گونجاند و توانیویه‌تی 21 گۆڵ تۆمار بكات، له‌وه زیاتری لێ داوا ناكه‌ین و چاوه‌ڕێی زیاتری لێده‌كه‌ین و به هه‌بوونی دڵخۆشین، ده‌مانه‌وێت به‌رێز تیباس دڵنیا بكه‌ینه‌وه له ریال مه‌درید هیچ كه‌س ئه‌قڵی له‌ده‌ست نه‌داوه، داوای تۆماری ده‌نگه‌كانمان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی بزانین له دوایین یاریی چی روویدا، هه‌ر ئه‌وه‌نده، هه‌مووان ده‌ڵێن ریال مه‌درید سودی له‌م سیسته‌مه بینیوه، به‌ڵام كاتێك ریال مه‌درید ده‌یه‌وێت شتێك بگۆڕێت هه‌مووان به‌رهه‌ڵستی ده‌كه‌ن.
لێدوانەكانی سیمیۆنی راهێنەری ئاتڵێتیكۆ مەدرید
به‌راستی بیر له‌وه ناكه‌مه‌وه ناوبژیوان له یارییه‌كه چی ده‌كات به‌ڵكو بیرم لای ئه‌وه‌یه ئێمه چی ده‌كه‌ین، هیوادارم ئاستمان وه‌كو دواین یارییمان به‌رز بێت، ده‌شزانین له رووی تاكی یاریزانه‌وه هه‌ردوو یانه ئاستیان زۆر به‌رزه، ئێمه‌ش ته‌نیا چاومان له تواناكانی خۆمانه، هێشتا سه‌دا سه‌د ئاماده‌كاریمان بۆ یارییه‌كه نه‌كردووه، چه‌ند یاریزانێكمان هێشتا له چاكبوونه‌وه‌ی یاریی رابردوون و هێشتا له رووی توانای جه‌سته‌ییه‌وه ئاماده نین، ره‌نگه رۆژی یارییه‌كه پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی و پلانی یارییه‌كه یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه، هه‌میشه بۆ هه‌ر ركابه‌رێك وای داده‌نێین رووبه‌رووی یانه‌یه‌كی ترسناك و به‌هێز ده‌بینه‌وه خۆی له راستیدا ریال مه‌درید ترسناكه، ده‌زانین له یارییه‌كه چی رووده‌دات و بۆ هه‌موو سیناریۆیه‌ك ئاماده‌ین، ساموێل لینۆ وه‌كو منداڵێك وایه كاتێك گۆڵ ده‌كات حه‌ز ده‌كات هه‌مووان پێی بزانن، ئه‌و ئێستا ركابه‌ری كۆنۆر ده‌كات، به‌ڵام كۆنۆر له رووی پاراستنی هاوسه‌نگی تیپه‌كه زۆر باشه و هێشتا بڕیارم نه‌داوه كامیان به سه‌ره‌كی یاریی ده‌كه‌ن، رۆژنامه‌كان چی ده‌ڵێن با بیڵێن ئێمه پاسی یانه‌كه ده‌به‌ین له‌به‌رده‌م گۆڵه‌كه دایده‌نێین بۆ ئه‌وه‌ی گۆڵمان لێ نه‌كه‌ن،
ئامارەكانی پێش دێربی مەدرید
ئاتڵێتیكۆ مه‌درید له‌م وه‌رزه له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی هه‌ژده خاڵی كۆكردووه‌ته‌وه له به‌رامبه‌ردا ریال مه‌درید له یاریگه‌ی خۆی له كۆی ده یاریی نۆ سه‌ركه‌وتنی تۆمار كردووه، له دواین چوار یاریی ئاتلێتیكۆ مه‌درید به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید نه‌دۆڕاوه له دواین شه‌ش یارییش ته‌نیا یه‌ك شكستی به‌رامبه‌ر شاهانه‌كان هه‌یه، به‌ڵام رۆخێ بلانكۆس له‌وه‌ته‌ی مانگی دووی ساڵی 2016ـه‌وه نه‌یانتوانیوه له سانتیاگۆ بێرنابیۆ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن.