مەڕوان حوسێن، خەڵاتە تایبەتەكەی پێگەیشت
مەڕوان حوسێن بووە یەكەمین یاریزانی یانەی نەورۆز لەم وەرزە ئەم خەڵاتە بباتەوە

مەڕوان حوسێن، هێرشبەری یانەی نەورۆز خەڵاتە تایبەتەكەی كوردستان24ـی پێگەیشت و بووە یەكەمین یاریزانی ئەم یانەیە لەم وەرزە ئەم خەڵاتە وەردەگرێت.
كوردستان24 هەفتانە باشترین یاریزانی یانە كوردستانییەكانی خولی ئەستێرەكانی عێراق دەستنیشان دەكات، خەڵاتەكە هەموو ئەو یاریزانە كوردانەش دەگرێتەوە كە لە یانەكانی خوار و ناوەراستی عێراق یاریی دەكەن.
مەروان حوسێن هێرشبەری یانەی نەورۆز بە پاڵپشتی ئاسۆ رۆستەمی هاوڕێی، توانیان سەركردایەتی سەركەوتنێكی گەورەی سوورپۆشەكانی سلێمانی بكەن و لە نێو جەرگەی بەسرە گۆڵبارانی یانەی مینا بكەن.
لەو یارییەدا مەروان حوسێن هێرشبەری یانەی نەورۆز هاتریكی لە دژی مینا كرد و یانەكەشی بە ئەنجامی (5 ـ 1) گۆڵ سەركەوتنی بەدەستهێنا.
بەمەش مەڕوان حوسێن بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئەستێرەی هەفتە، توانی بەرزترین نمرە لە هەڵسەنگاندنەكانی دێسكی وەرزشی كوردستان24 بەدەستبهێنێت و بووە یەكەمین یاریزانی یانەی نەورۆز لەم وەرزە ببێتە براوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی گەڕی خولی ئەستێرەكانی عێراق.



