بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ: بەرهەمی کێلگە پەلەوەرییەکان هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ ڕایگەیاند، هەناردەکردنی بەرهەمی کێلگە پەلەوەرییەکان بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق بەبڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕاگیرابوو، بەڵام دوای هاتنی لیژنەیەک لە بەغداوە، بڕیاردرا بەرهەمی کێلگە پەلەوەرییەکان هەناردە بکرێت.
سێشەممە، 11ـی شوباتی 2025، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە ماوەی ڕابردوودا هەناردەکردنی بەرهەمی کێلگە پەلەوەرییەکانی هەرێم، بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق بەبڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕاگیرابوو، بیانووەکەشیان هەبونی کێشەی تەندروستی بوو لەناو پرۆژەکانی ئێمەدا."
گوتیشی: بەشێوەیەکی بەردەوام بڕوانامەی تەندروستی دەبەخشرێنە ئەو بەرهەمانەی ئەخرێنە بازاڕەکان و هاووڵاتیان بەکاری دەهێنن، بەڵام بۆ دووبارە دڵنیابوونەوەی خۆمان پشکنینمان بۆ هەموو بەرهەمەکانی کرد، بەتایبەتی هێلکەی خواردن، چونکە قەدەغە کرابوو، دەگوترا کێشەی تەندروستی لە هێلکەی خواردن لە هەندێک کێڵگەی پەلەوەر هەیە.
فیراس سدیق ئاماژەی بەوەش کرد، پشکنینمان لە زۆرینەی پرۆژەکان لە هەرسێ پارێزگاکە وەرگرت، دەرکەوت هیچ پرۆژەیەک لەهەرێمی کوردستان کێشەی تەندروستیی نییە، بەتایبەت ئەو نەخۆشیانەی لەپەلەوەرەوە ئەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ. هەروەها خۆشیان لیژنەیەکیان نارد و هاتنە هەرێمی کوردستان و نموونەیان لە پرۆژەکانی پەلەوەر و هێلکەی خواردن وەرگرت؛ بە خۆشحاڵییەوە دەرکەوت پرۆژەکانی هەرێمی کوردستان هیچ گرفتێکی تەندروستییان نییە، بۆیە دوێنێ بڕیار درا دەرگا بەڕووی هەناردەی بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق بکرێتەوە، بەتایبەت هێلکە.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ باسی لەوەش کرد، زۆرجار هاووڵاتیان دەڵین نرخی مریشک گران بووە، بۆچی ڕێگە دەدەن مریشک هەناردەی خوارووی عێراق بکرێت؟ دەمەوێت بڵێم هەناردەکردنی مریشکی زیندوو قەدەغەیە، تەنیا هێلکە هەناردە دەکرێت ئەویش زیاترە لە پێداویستی ناوخۆ. ڕۆژانە 21 هەزار کارتۆن هێلکە بەرهەم دەهێنین، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان پێویستی بە 7 هەزار کارتۆن هێلکە هەیە.
ڕاشیگەیاند، ئێستا دەرگا بۆ هەناردەکردنی هێلکەی خواردن و هێلکەی تروکاندن و جووجکەی یەک ڕۆژە کراوەتەوە، کە بنێردرێنە خواروو و ناوەڕاستی عێراق.