سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی به‌شێك له پرسیاری هاووڵاتیان ده‌داته‌وه
وه‌ڵامی پرسیاره تایبه‌تییه‌كان ده‌داته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
وه‌ك هه‌نگاوێكی كرده‌یی بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی خه‌ڵك و حكومه‌ت، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی، رۆژی 8ی حوزه‌یرانی رابردوو، له رێی فه‌یسبووك و ئینستاگرامی خۆیه‌وه، هاشتاگی "#لێم_بپرسه"ی بڵاوكرده‌وه و له په‌یامێكدا رایگه‌یاند، "هه‌وڵ ده‌ده‌م له ماوه‌یەکی نزیکدا بە رێگەی ڤیدیۆ وه‌ڵامی هه‌ندێک له پرسیاره باوه‌كان بده‌مه‌وه". ئه‌مشه‌ویش سه‌رۆك وه‌زیران رایگه‌یاند، زیاتر له 45 هه‌زار پرسیاری ئاراسته كراوه و رۆژانی داهاتوو وه‌ڵامی به‌شێكیان ده‌داته‌وه.
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌یامه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت له رێی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه هاووڵاتیان ستایشی هه‌وڵه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تیان كرد و هه‌زاران به‌كارهێنه‌ری تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش به كۆمێنت له ژێر په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تدا پرسیاری جۆراوجۆریان ئاراسته كردووه.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، له ژێر پۆستی ئینستاگرامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تدا نزیكه‌ی هه‌شت هه‌زار كۆمێنت كه زۆرینه‌یان پرسیارن، نووسراون و زیاتر له 22 هه‌زاركه‌سیش لایكیان بۆ پۆسته‌كه كردووه.
له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووكیش، زیاتر له 40 هه‌زار به‌كارهێنه‌ر لایكی په‌یامه‌كه‌یان كردووه و 895 كه‌سیش په‌یامه‌كه‌یان شێركردووه، بۆ ئه‌وه‌ی هاوڕێكانیان بیبینن و زیاتر له 35 هه‌زار كۆمێنتیش نووسراون و پرسیاریان ئاراسته‌ی سه‌رۆك وه‌زیران كردووه.
بڕیاره سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له رێی زنجیره‌یه‌ك تۆماری ڤیدیۆییه‌وه وه‌ڵامی به‌شێك له‌و پرسیارانه بداته‌وه.
له‌و باره‌یه‌وه، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پۆستێكی له ئینستاگرامی خۆی بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند، زۆرترین ئه‌و پرسیارانه‌ی ئاراسته‌م كراوه، ده‌ڵێن كه‌ی یاسای چاكسازی جێبه‌جێ ده‌كرێت. هه‌روه‌ها گوتی: به‌شێكی دیكه له پرسیاره‌كان تایبه‌تن ژیانی تایبه‌تی و پرسیار كراوه، ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت نه‌بوایه حه‌زت ده‌كرد ببی به چی؟