زاخۆ.. ناوی ژمارەیەک فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی پارچەزەوی گەڕایەوە

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ

بەرپرسی دابەشکردنی زەویی لە سەرۆکایەتی شارەوانیی زاخۆ، ڕایگەیاند: ناوی زیاتر لە 7 هەزار فەرمانبەر، بۆ وەرگرتنی پارچە زەوی گەیشتە سەرۆکایەتی شارەوانیی ئیدارە سەربەخۆکە.

پێنجشەممە 13ـی شوباتی 2025، نەوزاد حاجی، بەرپرسی دابەشکردنی زەویی لە سەرۆکایەتی شارەوانیی زاخۆ تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: ئەمڕۆ ناوی حەوت هەزار و 788 فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی پارچەزەوی گەیشتە سەرۆکایەتی شارەوانی ئیدارەی سەربەخۆکە.

هاوکات ئاماژەی بەوەدا، 3 هەزار و 500 پارچە زەوی لە چوار کەرتی جیاواز، لە نزیکترین کاتدا بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکرێن.

یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، فەرمانگەی مێدیای و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە درێژەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەردا و لەژێر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، قۆناغی دووەمی پرۆسەکە دەست پێدەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، مامەڵەی وەرگرتنی قۆناغی دووەمی پێدانی زەوی بۆ 27 وەزارەت و فەرمانگە تەواو بووە، کە تێیدا  240  هەزار و 111 فەرمانبەر لێی سوودمەند دەبن.

هەمان ڕۆژ سەرچاوەیەکی تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزیران، ڕەزامەندیی لەسەر ناوی زیاتر لە 300 فەرمانبەرانی وەزارەتی کارەبا لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان داوە, بۆ ئەوەی زەوییان پێ بدرێت.

لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، لیستی ناوی نزیکەی 200 هەزار فەرمانبەری شارستانی و سەربازی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی پێدانی زەوییان بۆ دەرچوو.

ڕۆژی 27ـی 3ـی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی، کە سوودمەند نەبوونە و لە ڕۆژی 31ی 5ی 2024، وەزارەتی شارەوانی ڕێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2024ی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە ڕۆژنامەی وەقایعی فەرمیی كوردستان بڵاو كردەوە.