نەورۆز كوردان زەورای بەغدای شۆك كرد
نەورۆز بە 10 یاریزان رێگەی سەركەوتنی لە زەورا گرت

لە گەڕی بیستەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی نەورۆز خزمەتێكی گەورەی بە یانەی زاخۆ كرد و سوورپۆشەكانی سلێمانی بە 10 یاریزان رێگەی سەركەوتنیان لە زەورای گرت.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 15 شوباتی 2025، لە گەڕی بیستەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی زەورا لەبەردەم زیاتر لە 15 هەزار هاندەر میوانداریی یانەی زەورای كرد، لەو یارییەدا بە فەرمی ئاسۆ رۆستەم بە پیاوی یارییەكە دیاریكرا.
لەو یارییەدا راستگۆ فەریق مایسترۆی یانەی نەورۆز لە خولەكی 44ـی نیوەی یەكەم بە كارتی سوور دەركرا.
دواتر لەگەڵ دەستپێكی نیوەی دووەم بە دیاریكراوی لە خولەكی 57 وائیل بن عوسمان بەرگریكاری پیشەگەری توونسی یانەی نەورۆز بە هەڵە گۆڵێكی لەخۆیان لە بەرژەوەندی زەورا تۆمار كرد و نەورەسەكانی بەغدا بەگۆڵێك پێشكەوتن، بەڵام لە دوای ئەم گۆڵە ئاسۆ رۆستەم و هاوڕێیەكانی تەسلیم نەبوون و بە 10 یاریزان تەنگیان بە زەورا هەڵچنی بوو، دواجار ئاسۆ رۆستەم لە خولەكی 80 ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە و زەورایان شۆك كرد، یارییەكەش تا كۆتایی بەم گۆڵێك بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات.
یانەی نەورۆز بە 27 خاڵ بەشێوەیەكی كاتی لە پلەی دەیەم دێت، لە بەرامبەردا زەورا دەرفەتی گەیشتنی لە لوتكە لەدەست دا و بە 37 خاڵ لە پلەی سێیەم دێت.
نەورۆز رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی دیالە، لە بەرامبەردا یانەی زەوراش لە بەغدا میوانداریی كەربەلا دەكات.

