رۆیتهرز: یارمهتی دارایی حهشد له لایهن ئێرانهوه كهمیكردووه
به هۆی كۆرۆناوه
K24 – ههولێر:
بەهۆی گەمارۆکانی ئەمهریکا و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا یارمەتییەکانی ئێران بۆ گروپەکانی نزیک لەخۆی لە حەشدی شەعبی کەمیکردووە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا وردەکاییەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویهتی: پێش گەمارۆکانی ئەمهریکا ئێران مانگانە نزیکەی 15 ملیۆن دۆلاری دهدایه گرووپهكانی حهشد، بەڵام ئێستا تهنیا 2 بۆ 3 ملیۆن دۆلار له ئێرانهوه دهگاته ئهو گرووپانه.
به گوێرهی زانیاری ئاژانسهكه سێ فەرماندەی گرووپەكانی حەشدی شەعبی نزیك لە ئێران بە رۆیتەرزیان گوتووە، داخرانی دەروازە سنوورییەكان بەھۆی كۆرۆنا و گەمارۆكانی ئەمهریكا یارمەتییەكانی ئێران بۆ گرووپەکان كەمیكردووە.
ئەو سەرچاوانە ئاشكرایانكردووە، پێشتر ئێران یارمەتی پێشکەشی ئەو گرووپانە دەکرد، كە ھێرشیان بۆ سەر نهیارانی ئێران لە عێراق ئەنجامدەدا بە دیاریكراویش ئەمهریكا.
بەپێی راپۆرتەكەی رۆیتەرز پێش گەڕانەوەی گەمارۆكانی ئەمهریكا ئێران مانگانە 12 بۆ 15 ملیۆن دۆلاری دەدایە ئەو گرووپانەی حەشدی شەعبی، کە نزیکن لەخۆی، بەڵام ئێستا 2 بۆ 3 ملیۆن دۆلار كەمیكردووە.
سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی كە نەیویستووە ناوی بھێنرێت بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەوان راستەوخۆ لە حكومەتی عێراق بودجە وەردەگرن، بەڵام رەتینەکردووەتەوە، کە هاوکاری لە ئێرانیشەوە وەربگرن.
لەلایەكی دیكەوە عەلیڕەزا میریوسفی گوتەبێژی نوێنەرایەتی ئێران لە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بە رۆیتەرزی گوتووە، ئەوان پشتیوانی لە غەدرلێكراوەكانی ناوچە دەكەن، بەڵام پشتیوانی داراییان ناكەن و دەشڵێـت، ھەندێك لایەن دەیانەوێ پەیوەندی نێوان ئێران و عێراق تێكبدەن، رەتیشیدەكاتەوە، دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراقدا بكەن.
بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتەی رۆیتەرز لەكاتێكدایە كە ھەفتەی رابردوو براین ھۆك بەرپرسی دۆسییەی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریكا رایگەیاندبوو، گەمارۆكانی ئەوان وایكردووە یارمەتییەكانی ئێران بۆ گرووپە چەکدارەکان لە ناوچە كەم بكات.