بەغدا..وردەکاریی کوژرانی پیاوێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ئاشکرا دەکرێت

لە ناوچەی ئەمین لە بەغدا، پیاوێک لە کاتی خەودا لە لایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە.
سەرچاوە ئەمنییەکان ڕۆژی یەکشەممە، 16ـی شوباتی 2025، بەمیدیا ناوخۆییەکانیان ڕاگەیاند "لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە برای کوژراوەکە دەستی لە تاوانەکەدا هەبووە، چونکە دانی بەوەدا ناوە کە هاوکاریی براژنەکەی کردووە بۆ ئەوەی براکەی بکوژێت، بەڵام هۆیەکەی ئاشکرا نەکردووە."
سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە "هێزە ئەمنییەکان تۆمەتبارەکانیان دەستگیر کردووە، لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی وردەکاریی زیاتر لەسەر ڕووداوەکە و پاڵنەرەکانی پشت ئەو ڕووداوە."
پێشتر، سەرچاوەیەکی ئەمنی ئەوەی ئاشکرا کردبوو، "ئێوارەی هەینی ڕابردوو، لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا، ئافرەتێک هاوسەرەکەی لەناو ژووری نووستنەکەیاندا کوشتووە."
ئەوەشی خستەڕوو "ئەو پیاوەی لەلایەن ژنەکەیەوە کوژراوە، کارمەندی وەزارەتی کارەبا بووە. ڕووداوەکەش لەو کاتەدا بووە، ئەو پیاوە لە ماڵەکەی خوێدا لە ناوچەی ئەلئەمین نوستبوو و ژنەکەی بە دەمانچە کوشتوویەتی."
ڕاشیگەیاندووە "لە دوای ڕووداوەکە، هێزێکی ئەمنی گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەکە و پێش ئەوەی ئافرەتەکە هەڵبێت دەستگیر کراوە. ئافرەتەکەش گوتوویەتی بەهۆی کێشەی خێزانیی مێردەکەی کوشتووە."
