ڕێزان سەعد: لە سەدا 12 ـی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە تەواو بووە

بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر ڕایگەیاند، لە سەدا 12ـی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە  تەواو بووە و دوای تەواو بوونی،ناوەندی قوشتەپە و 68 گوند ئاویان پێ دەگات.

دووشەممە، 17ـی شوباتی 2025، ڕێزان سەعد، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند،لە سەدا 12ـی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە تەواو بووە.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: پێشتر، لە قوشتەپە گەورەترین گرفتی ئاومان هەبووە لە ڕووی دابەزینی ئاستی ئاو، بە تەواو بوونی ئەو پرۆژەیە ناوەندی قوشتەپە و  68 گوند ئاویان پێ دەگات.

دەشڵێت: ماوەی پرۆژەکەش دوو ساڵە، بەڵام هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین بە ماوەی ساڵێکدا تەواوی بکەین.

ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەش دا "لەم ساڵانەی دواییدا ئاستی ئاو دابەزیوە و ڕێژەی باران کەم بووە، نەمان دەتوانی بە لێدانی بیر ئەو ڕێژە ئاوەی پیویستە  بۆ گوندەکان دابین بکەین، قووڵیی بیرەکان لە قوشتەپە گەیشتبووە 700 مەتر بە تێچوویەکی زۆر و ئاویشمان دەست نەدەکەوت تاکوو بتوانین گەڕەکێک تێر ئاو بکەین."

باسی لەوەش کرد "بەهۆی نەبوونی ئاوی پێویست بیرمان لەوە کردەوە کە پرۆژەیەک لە قەشقە جێبەجێ بکرێت و ئاو بگەیەنێتە ناوەندی قوشتەپە و ئەو گوندانەی دەکەونە سەر ڕێگاکە، ئەو کاتەش هەموو ئەو بیرانەی بۆ دابین کردنی ئاوی قوشتەپە، بەکار دەهاتن، دابخەین."

ڕێزان سەعد، ڕاشیگەیاند "ساڵی ڕابردوو باران بەو ڕێژەیە باش نەبوو تاکوو بڵێن ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەرز دەکاتەوە، بەڵام ڕێژەکەی تا ئاستێک باشبوو ئاستی کەم ئاوییەکەی ڕاگرت، واتە نە کەمی کرد نە زیاد، بەڵام ئەمساڵ باران زۆر کەم باریوە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو. ئێستە کە لە وەرزی زستانداین، پێشبینی ئەوە دەکەین هاوینێکی سەختمان دەبێت."

ڕۆژى سێشەممە، 17ـی ئه‌يلوولى 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری لە سنووری پارێگەی هەولێر بە گوژمەی زیاتر لە 189 ملیار دینار دانا و لە گوتارێكدا باسی لە گرنگيی پرۆژەكە بۆ دەڤەرەكە و بووژانەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی سنوورەكە كرد.

پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری توانای بەرهەمهێنانی سێ هه‌زار مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا، واتە ڕۆژانە 72 هه‌زار مەتر سێجا ئاوی هەیە و دەبێتە هۆکاری داخستنی سەدان بیری قووڵی ئاو لە دەڤەرەکە، کە ئێستە قووڵترین بیرەکانی کوردستان و عێراق لە قوشتەپەن، ئەوەش یارمەتیدەرێکی زۆر باش دەبێت بۆ بووژانەوەی ئاوی ژێرزەويی ناوچەکە. جگە لە قەزای قوشتەپە كە یەكێكە لە قەزا گەورەكانی سنووری پارێزگەی هەولێر، هاوكات بێستانە و زیاتر لە شەست گوندی ناوچەكەش لێی سوودمەند دەبن. هەروەها سەدان كارگە و ناوچەی پیشەسازی و كۆمەڵگەی جۆراوجۆر دەكەونە ناو ماستەرپلانی ڕێڕەوی ئەو پرۆژەیەوە. گوتیشی: پرۆژەی ئاوی قوشتەپە بۆ ماوەی 25 تا 30 ساڵی داهاتوو ئاوی دەڤەرەکە دابین دەکات.