بریارەکانی ترەمپ دەربارەی کڕینی غازی ئێران، عێراقی تەنگەتاو کردووە

وێنە، وێستگەی کارەبای غاز لە هەولێر
وێنە، وێستگەی کارەبای غاز لە هەولێر

دووشەممە، 17ـی شوباتی 2025، وەزیری نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی، پرۆژەی نوێی بەرهەمهێنانی غاز، وزەی خۆر و بەرهەمەکانی بەنزین و مۆڵەتدان بە  5 کێڵگەی نەوتی ئاشکرا کرد.

حەیان عەبدولغەنی، لە میانەی کۆنفرانسێکی ئابووری، لە ئەنجومەنی بازرگانیی عێراقی- بەریتانی گوتی: پشکی عێراق لە ئۆپێک ڕۆژانە چوار ملیۆن بەرمیلە، هەروەها یەدەگی غازی عێراق 130  تریلیۆن پێ سێجایە."
وەزیری نەوت باسی لەوەش کرد، "وەزارەتی نەوت بەشێوەیەکی باش لەگەڵ کۆمپانیای تۆتال ئینێرجی کاردەکات بۆ بەکارهێنانی وزەی خۆر، هاوکات مۆڵەت بۆ وەبەرهێنان لە 5 کێڵگەی نەوتی عێراق دەدەین."
حەیان عەبدولغەنی ئاماژەی بەوەش دا "پڕۆژەیەکی گەورە و ئومێدبەخش هەیە، ئەویش پڕۆژەی غازی بەسرەیە، بەهاوکاریی کۆمپانیای شێڵ و چەند کۆمپانیایەکی دیکە." دەشڵێت: لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا پرۆژەکە قۆناغی دووەمی بە بەرهەمهێنانی 200 ملیۆن مەتر سێجا غاز دەست پێ دەکات.

ڕاشیگەیاند "وەزارەت پڕۆژەیەکی پەسەند کردووە بۆ دامەزراندنی سەکۆیەکی جێگیر لە بەندەری فاو بۆ هاوردەکردنی غاز، ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی دەستەبەرکردنی بڕی پێویست بۆ کارپێکردنی وێستگەکان، ئامادەن سەکۆیەکی تر لەناوچەی خور ئەلزوبەیر بۆ هاوردەکردنی غاز دابمەزرێنن، هەروەها ئەو کۆمپانیانەی بانگهێشت کراون،ڕایان گەیاندووە ئامادەن لەماوەی مانگێکدا سەکۆکە دابمەزرێنن."

ڕوونیشی کردەوە، دوای کارپێکردنی پاڵاوگەی کەربەلا، ڕۆژانە 380 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر دەپاڵێون، گوتیشی پرۆژەی FCC  لە بەسرە کە بە قەرزی ژاپۆنی دەکرێت، 4300 مەتر چوارگۆشە بەرهەمی بەنزین بەرهەم دەهێنێت.

ئەمە لەکاتێکدایە عێراق ترسی هەیە لەوەرزی هاویندا قەیرانی کارەبا خراپتر ببێت، چونکە نازانرێت ئەمەریکا، ئەو لێخۆشبوونەی دراوەتە عێراق لە کڕینی وزەی ئێران، درێژ دەکاتەوە یان هەڵدەوەشێنێتەوە.

شارەزایان پێشبینی دەکەن، دوای بڕیارەکەی ترەمپ کە لە 4ـی شوبات داویەتی، عێراق، ڕووبەڕووی کێشەی زیاتر بێتەوە، ئەگەر غازی ئێرانی ڕابگرێت کە نزیکەی 40%ـی بەرهەمی کارەبای عێراق لەسەر ئەو غازەیە، واتە نزیکەی 20 هەزار مێگاوات کارەبا بۆ عێراق دابین دەکات.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا باسی لەوە کردووە، عێراق پێویستی بە نزیکەی 50 هەزار مێگاوات هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ بەتایبەت لە وەرزی هاویندا.

عەلی جەبار فوریجی، شارەزا و ئەندازیار بە میدیای عەرەبی گوت: عێراق ڕێگەچارەی دەستبەجێی نییە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی وزە، کە ڕەنگە لە ئەنجامی ئەو بڕیارەی سەرۆکی ئەمەریکاوە بێتە ئاراوە.

ئەحمەد موسا گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق هاوڕایە لەسەر ئەوەی بڕیارەکەی ئەمەریکا کاریگەری نەرێنی لەسەر قەبارەی بەرهەمهێنانی وزەی عێراق دەبێت.

موسا، ئاماژەی بەوەش داوە، وەزارەتەکە بە فەرمی بڕیارەکەی ترەمپی پێ نەگەیشتووە، بەڵام چاوەڕێی ڕێنماییەکانی حکوومەتە لەو بارەیەوە.

 موسا دەڵێت: کارکردن لەگەڵ وەزارەتی نەوت بەردەوامە بۆ دانانی پلانێک بۆ دابینکردنی سووتەمەنی و کارپێکردنی وێستگەکان و قەرەبووکردنەوەی ئەو کەمییەی کە لە ئەنجامی وەستانی دابینکردنی غازی ئێرانەوە دروست دەبێت.

ڕاشیگەیاند "ئێمە پێویستمان بە هاوردەکردنی غازە لە شوێنێکی دیکە بۆ ئەوەی قەرەبووی ئێرانمان بۆ بکاتەوە." گوتیشی: عێراق ڕۆژانە پێویستی بە 70 ملیۆن مەتر سیجا غاز هەیە، بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا.

جێفری پایت: قەبارەی وزەی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی وزەی هەموو عێراق گرنگە

لە مانگی ئایاری 2024، جێفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە، لەسەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە و سەردانی وێستگەکانی کارەبای ماس گڵۆبەڵ لە شارەدێی پیرداود و خۆرمەڵەیان کرد کە لەلایەن هەردوو کۆمپانیای کار گرووپ و ماس کاریان تێدا دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بە نەوت و گاز.

جێفری پایت گوتی: زۆر سوپاس بۆ مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران بۆ بانگهێشتکردنی من و باڵیۆز ڕۆمانۆوسکی بۆ بینینی بەشێک لە هەرێمی کوردستانی عێراق. پێویستە بڵێم سەردانەکە کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر من هەیە، لەڕووی قەبارەی وزەی ئەم ناوچەیە کە بۆ سەربەخۆیی وزەی هەموو عێراق گرنگە، جگە لەوەش ئێرە لەبەرچاومدا وەک ئۆکلاهۆمایەکی بچووک وایە، زۆرێک لە ناوچەکانی بەرهەمهێنانی نەوتمان لە ئەمەریکا بیر دەخاتەوە.

هەروەها ڕایگەیاند، خۆشحاڵ بووم کە توانیمان ڕۆژەکە بە بینینی وێستگەی ماس  گڵۆباڵ دەست پێ بکەین، کە یەکێکە لە گرنگترین هاوبەشە جیهانییەکانی جی ئی ڤێرنۆڤا ئەویش لە پێشکەوتووترین کۆمپانیاکانی وزەی پاک، ئاسایشی وزەی گواستنەوەی وزەمانە.

 جەختیشی کردەوە: مایەی هاندان بوو بۆ ئێمە کە لە ماس گڵۆباڵەوە گوێبیستی ئەوە بووین لە هەرێمی کوردستان و لە سەرتاسەری جیهاندا، تا ئەورووپاش چی دەکەن. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە چۆن پیشەسازیی وزەی ئەم ناوچەیە دەگاتە ستانداردە جیهانییەکان. هەمان شت بۆ خورمەڵەش ڕاستە.

 

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە ڕاشیگەیاند، عێراق یەکێکە لە گرنگترین بەرهەمهێنەرانی وزە لە جیهاندا، توانای ئەوەی هەیە کە لە بەکارهێنانی ئەو سەرچاوانەدا زۆر کاراتر بێت، بە شێوەیەک کە سوود بە هەموو هاوڵاتییانی بگەیەنێت و توانای خودبەرهەمهێنی و توانای کۆمپانیا عێراقییەکان بە کۆمپانیاکانی کوردستانیشەوە زیاد بکات بۆ پێشکەشکردنی ئەو خزمەتگوزارییەی کە هاووڵاتیانی عێراقی شایەنین.