سوپای عێراق ڕاوەدووی جووتیارانی کورد دەنێت

جووتیارانی کورد لە گوندی شەناغەی سنووری سەرگەڕان، گوێیان بە ڕێگرییەکانی سوپای عێراق نەدا و دەستیان کرد بە کێڵانی زەوییەکانیان.
سەرەڕای پەسەندکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس بۆ دەست بەسەرداگرتنی زەوییە کشتووکاڵییەکانی جووتیارانی کورد, کەچی چەند ڕۆژێکە سوپای عێراق هەر بەردەوامە لە ڕێگریی لە جووتیارانی کورد کە زەوییەکانیان نەكێڵن لە کاتێکدا وەرزی تۆدانە. ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی فشارە سیاسییەکانەوە، عەقید ڕێبەر شکور مزووری، فەرماندەی فەوجی یەکی لیوای 32ـی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق لە سنووری سەرگەڕان، لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە.
هاوکات محەممەد ئیسماعیل، موختاری گوندی شەناغە دەستی لە ئەرکەکەی کشاندەوە و بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "بەرانبەر ئەو زوڵمەی لە جووتیارانی کورد دەکرێت، دەستم لەکار کێشایەوە."موختاری گوندی شەناغە گوتیشی: "من خاوەنی ئەو زەویی بم و نەتوانم زەوییەکەم بکڵێم و خەڵکەکە لەم سنوورە نەمێنێت، مانەوەم وەک موختار هیچ بەهایەکی نییە، ئەوەش هۆی دەست لە کار کێشانەوەکەمە."هەروەها جووتیارانی کورد و بەتراکتۆرەکانیان لەسەر زەوییەکانیان بڵاوبوونەوەتەوە و گوێ بە ڕێگرییەکانی سوپای عێراق نادەن بۆ ئەوەی زەوییەکانیان وەبەربێنن، لە بەرانبەردا هێزە سەربازییەکانی عێراق بە چەک و هەمەری سەربازییەوە دەورەی جووتیارانی کوردیان گرتووە و فشار دەکەن بۆ ئەوەی جووتیارەکان لەسەر زەوییەکان دوور بخەنەوە.
پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی 21ی کانوونی دووەمی 2025، هەردوو بڕیاری ژمارە 1018ی ساڵی 1982، لەگەڵ بڕیاری 554ی ساڵی 1983ی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبی بەعسی هەڵوەشاندەوە، کە زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەوی و موڵکی هاووڵاتییانی کورد و تورکمان لە سنووری پارێزگای کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکە دەستی بەسەرداگیرا و وەبەرهێنانی زەوییە کشتووکاڵییەکان بە عەرەبی هاوردە درابوو، بەڵام بە هەڵوەشاندنەوەی هەردوو بڕیارەکە، زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان کە کورد و تورکمانن گەڕێنرایەوە.
ڕۆژی دووشەممە 3ـی شوباتی 2025، هێزێکی سوپای عێراق لەگەڵ تیمێکی ئێران گوایە نەخشەیەکی شوێنەواری سەردەمی مەغۆلەکانیان پێ بووە، بە شۆفڵ و حەفارەوە چەند شوێنێکی نزیک گوندی شەناغەیان هەڵتەکاند و گوایە بۆ نزیکەی سێ تۆن زێڕ دەگەڕێن.
بە گوتەی دانیشتووانی گوندی شەناغە، هێزە عێراقییەکە ڕێگریان لە خەڵکی مەدەنی کردووە نزیکی شوێنەکە بکەونەوە، دوای چەند کاتژمێرێک چەندین پارچەی گۆزەی شکاویان لە دوای خۆیان بەجێهێشت بوو.