پۆلیسی هەولێر دوو تۆمەتبار بە تومەتی فێڵ و دزی دەستگیر کرد

پۆلیسی هەولێر ئاشکرای دەکات، دوو تۆمەتباری دەرەوەی سنووری پاریزگای هەولێریان، بە تومەتی فێڵ و دزیکردن لە ئافرەتانی بەساڵاچوو دەستگیر کردووە.
دووشەممە 17ـی شوباتی 2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاریزگای هەولێر ڕایگەیاند دوو تۆمەتباریان بە تۆمەتی فێڵکردن و فریودانی هاووڵاتیان و وەرگرتنی بڕێک پارە بەفێڵ لێیان، دەستگیر کردووە.
پۆلیسی هەولێر دەڵێت: ئەو دوو تۆمەتبارە کە خەڵکی سنووری دەرەوەی شاری هەولێرن و یەکێکیان ئافرەتە، هەفتانە چەند جارێک هاتوونەتە شاری هەولێر و ئافرەتانی بەساڵاچوونیان خەڵەتاندووە بەناوی کاری خێرخوازییەوە، گوایە کەسێکی خێرخواز هاوکارییان دەکات، بەڵام نابێت پارەیان لەلا بێت، پارەکەیان لێ وەرگرتوون و دواتریش خۆیان ون کردووە.
پۆلیس ئاشکرای کردووە، ئێستا هەردوو تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە دەستگیر کراون و ڕادەستی دادگا کراون.