نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان: پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەکەین

عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەکەین کەوا دووپاتی کردووە بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت بەپێی ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی بێت و لەلایەن بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی بانکی ناوەندی ئەنجام بدرێت.
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران دەڵێت: فەرمانبەر سەرپشک دەکرێت لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆی لەو بانکانەی رەزامەندی بانکی ناوەندییان هەیە، دەشڵێت: هەموو ئەمانە یەکدەگرنەوە لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی پڕۆژە هەژماری من.
عەزیز ئەحمەد گوتی: جێگەی بایەخە بگوترێت کە تیمەکەمان وەک بەشێک لە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەتای ئەم مانگە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێڕاق کۆبوونەتەوە و نوێترین پێشهاتەکانی پڕۆژەکەیان بۆ باسکردوون وەک چۆن لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیشدا هاتووە، ئەم هەماهەنگییەش بەردەوام دەبێت لەڕێگەی ناردنی زانیاریی و پێشهاتی مانگانە بۆیان.
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان زیاتر گوتی: هاوتەریب لەگەڵ ئەمەش، بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی نزیکمان لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق، بەوپێیەی بە بانکیکردنی مووچە هەنگاوێکی گرینگ دەبێت بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق. داواکارین لە سەرجەم فەرمانبەران کە بەزووترین کات خۆیان تۆماربکەن، بۆ خۆتۆمارکردن، دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاری هەژماری من بە ژمارە 1991.