خەلیل غازی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی داننانە بە هەژماری من

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق، داننانە بە یاسایی بوونی پرۆژەی هەژماری من لەگەڵ هەموو ئەو بانکانەی تۆمارکراون و لە پرۆژەکە بەشدارن.
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەموو فەرمانبەرێک بەخواستی خۆی دەتوانێت بۆ بە بانکی کردنی مووچەکەی یەکێک لەو بانکانە هەڵبژێرێت، کە لە پرۆژەی هەژماری من بەشدارن، چونکە هەموو بانکەکانی نێو پرۆژەکە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق مۆڵەت پێدراون.
گوتیشی: ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی دانپێدانانێکی یاساییە بە پرۆژەی هەژماری من و پڕۆسەی بەبانکی کردن و بە ڕێککارەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ هاتووە، "بڕیاری جێبەجێکردنی پڕۆسەی تۆمارکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەپێی ڕێنماییەکانە کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە دەرچووە، بەمەرجێک ئەمە بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی دارایی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت، هەروەها ڕێگە بە فەرمانبەران دەدرێت بەئازادی ئەو بانکەی کە پێیان باشە، هەڵیبژێرن".
سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، دادگای باڵای فیدراڵی، ئەو داوایەی ڕەتکردەوە کە لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق لەسەر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی تۆماری کردبوو، تیایدا داوای کردبوو حکوومەتی فیدراڵ پابەند بێت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
لە بڕیارەکەی دادگادا هاتووە، "بڕیاری جێبەجێکردنی پڕۆسەی تۆمارکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەپێی ڕێنماییەکانە کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە دەرچووە، بەمەرجێک ئەمە بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی دارایی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمە، هەروەها ڕێگە بە فەرمانبەران دەدرێت بە ئازادی ئەو بانکەی کە پێیان باشە هەڵی بژێرن".