گۆڵدمان ساکس: ئۆپێک پڵەس پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت دوادەخات

چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025، بانکی گۆڵدمان ساکس ڕایگەیاند، ئۆپێک پڵەس کە بەرهەمهێنەرانی ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێک بە سەرۆکایەتی ڕووسیا لەخۆدەگرێت، پلانی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی نیسانەوە بۆ مانگی تەمموز دوادەخات.

ئاماژەی بەوەش داوە، ڕێککەوتنی ئاشتیی لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا، نابێتە هۆی سووککردنی سزاکانی سەر ڕووسیا، کە ڕێگەی پێ بدرێت نەوتی زیاتر هەنردە بکات.

ئاژانسی بلومبێرگ نیوز، بڵاوی کردبووەوە، ئۆپێک پڵەس بیر لە دواخستنی زیادکردنی بەرهەمی نەوتی مانگانە دەکاتەوە، کە بڕیارە لە مانگی نیساندا دەست پێ بکات، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، داوای  دابەزاندنی نرخی نەوتی کردووە.

ئاژانسەکە لە زاری یەکێک لە سەرچاوەکانەوە بڵاوی کردەوە، بازاڕەکانی نەوتی جیهانی هێشتا زۆر شلۆقە و ناتوانرێت ئێستا بەرهەمهێنان زیاد بکرێت.

لە ئێستا ڕێکخراوی ئۆپێک پڵەس، بە کۆی گشتی 5.86 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم کردووەتەوە، کە دەکاتە 5.7%ی خواستی جیهانی.